زیلینسکی: لەسەر ئاڵوگۆڕی 1200 دیلی دیکە لەگەڵ رووسیا رێککەوتووین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، لە دوایین کۆبوونەوەی شاندی وڵاتەکەی و شاندی رووسیادا رێککەوتن بۆ ئاڵوگۆڕی 1200 کەس کراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە گفتوگۆکان بەردەوام دەبن.
رۆژی یەکشەممە، 3ی ئابی 2025، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لەگەڵ روستەم ئومەرۆڤ، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئۆکراینا و ئەندری یەرماک، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئۆکراینا کۆبووەوە، ئەوەش بۆ گفتوگۆ لەبارەی ئەنجامی گفتوگۆکانی شاندی وڵاتەکەی و لایەنی رووسیا و جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانەی لە دوایین کۆبوونەوەیان لە ئیستەنبووڵ کراون.
23ـی تەممووزی 2025، شاندەکانی رووسیا و ئۆکراینا لە ئیستەنبووڵ کۆبوونەوە. پێشتریش دووجار و لە رۆژانی 16ـی ئایار و 2ـی حوزەیران لە هەمان شار بۆ گفتوگۆی ئاگربەست و چەندین پرسی دیکەی پەیوەست بە جەنگ کۆببوونەوە.
سەرۆکی ئۆکراینا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند: "یەکێک لەو پرسە گرنگانەی باسیان لێوە کرا بەردەوامی گۆڕینەوەی دیلەکانی جەنگ بوو. رێککەوتنێک هەیە بۆ ئاڵوگۆڕی هەزار و 200 دیلی جەنگ و کارکردن لەسەر ئەو پرسە بەردەوامە".
ئازادکردنی هەزار دیلی جەنگ لە هەردوولا ئەنجامی یەکەم کۆبوونەوەی شاندی هەردوولا بوو. ئازادکردنی کەسانی بریندار و کەسانی خوار 25 ساڵ و گەڕاندنەوەی تەرمی کوژراونی هەردوولا ئەنجامی دووەم کۆبوونەوە بوو.
سەرۆکی ئۆکراینا لە نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، یەرماک "بەردەوامە لە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەشە گرنگەکانمان، بەتایبەت لایەنی ئەمریکی، بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و گەڕاندنەوەی سەلامەتی ئەو منداڵانەی رفێندراون و بردراونەتە رووسیا."
شوباتی 2022 سوپای رووسیا هێرشیکردە سەر ئۆکراینا. هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە هەوڵی ئاگربەستی نێوانیان دەدات، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو نەبووە.