ئەبراهام حەمادە بۆ مەزڵووم عەبدی: دانوستاندنی هەسەدە و دیمەشق بە پاڵپشتیی ئیدارەی ترەمپ دەبێ

 
رووداو-هەولێر 

نووسینگەی ئەبراهام حەمادە، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا دەڵێ، ئەو کۆنگرێسمانە پەیوەندییەکی ڤیدیۆیی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هەبووە و رایگەیاندووە، ئەم مانگە دانوستاندنەکانی دیمەشق و هەسەدە بە پاڵپشتیی ئیدارەی ئەمریکا بەڕێودەچن. 
 
رۆژی یەکشەممە، 3ـی ئابی 2025، نووسینگەی ئەبراهام حەمادە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "کۆنگرێسمان حەمادە لە پەیوەندییەکدا کورتەیەکی لەبارەی دۆخی سووریاوە لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات وەرگرت کە هێزەکەی هاوپەیمانی ئەمریکایە لە شەڕی دژی داعش."
 
لەو پەیوەندییەدا، کۆنگرێسمانەکە بە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتی راگەیاندووە: "ئەم مانگە، دانوستاندنەکانی دیمەشق و هەسەدە لە پاریس بە پاڵپشتیی ئیدارەی ترەمپ دەستپێدەکەنەوە، بە ئامانجی دوورگرتنی سووریا لەڕێگە شکستخواردووەکەی رژێمی پێشوو کە بریتیبوو لە ترساندن و تۆڵەسەندنەوە و گرتنەبەری سیاسەتێک کە تێیدا مافەکان و ئازادی هەمووان پارێزراو بێت." 
 
کۆنگرێسمانەکە گوتویەتی: "بە هەبوونی زیاتر لە 100 هەزار چەکداری عەرەب و کورد کە لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا راهێنانیان پێکراوە، هێزەکانی سووریای دیموکرات بەشێکی گرنگ دەبێت لە داهاتووی سووریا؛" ئاماژەی بەوەش کردووە: "زیاتر لە دەیەیەکە، هەسەدە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کە یەک لەسەر سێی سووریایە دەپارێزێت و مۆدێلێکی ناناوەندی دروستکردووە کە کریستیان، عەرەب و کورد و خەڵکی دیکەش دەپارێزێت."
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی حەمادە، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە "هێشتنەوەی هەموو کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ ئەو لایەنانەی سووریا کە پابەندن بە ئاشتی؛" هەروەها "هەسەدە داوای کات و بواری پێویست دەکات بۆ بەهێزکردنی حوکمڕانی گشتگیری خۆیان لە پرۆسەی راگوزەری سووریادا."
 
25-7-2025، ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پەیوەندی بە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدەوە کرد و وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا گوتی: "لەم پەیوەندییەدا پشتڕاستکرایەوە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە پاریس، دانوستاندن لەنێوان حکومەتی راگوزەری سووریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکرێ بە ئامانجی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی 10ـی ئادار لە ژێر سەرپەرشتیی فەرەنسا و ئەمریکا."
 
بارۆ لە قسەکانیدا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ "گەرەنتیکردنی مافەکانی گەلی کورد" لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دووپات کردوەتەوە.