7 کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاست گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

 

رێکخراوی ناحکومی Sea-Watchـی ئەڵمانی رایدەگەیێنێت، دوای ئەوەی بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای نێوەڕاست تووشی کێشە بووە، 7 کەس خنکاون و 41 کەسی دیکەشیان گەیێندراونەتەوە دوورگەی لامپێدووسای ئیتاڵیا. 
 
بەگوتەی رێکخراوەکە، ئەوانەی رزگاریان بووە زۆربەیان خەڵکی سوودانن و 6 رۆژ لەنێو دەریادا ماونەتەوە و شەوی سێشەممە گەیێندراونەتەوە دوورگەی لامپێدووسا. 
 
وەکو کەسانی رزگاربووی نێو بەلەمەکە دەڵێن، بەلەمەکە رۆژی 27ـی ئاب لە لیبیاوە بەڕێکەوتووە و لە سنووری ئاوە نێودەوڵەتییەکان لەنێوان توونس و ماڵتا گیری خواردووە. 
 
گوتەبێژێکی رێکخراوە ئەڵمانییەکە دەڵێت، دەسەڵاتدارانی توونس فەرمانیان بە کەشتییەکی دابینکردنی پێداویستی کردووە، کە لە کێڵگە گازییەکان کاری کردووە، بۆ ئەوەی 41 رزگاربووەکە لەگەڵ خۆی ببات و هێزی دەریایی توونس چەند رۆژێک دواتر گەیشتووە، بەڵام کۆچبەرەکان رەتیانکردووەتەوە لەگەڵیان بچن.
 
رێکخراوی Sea-Watch ئاماژەی بەوەش دەکات، "بەشێک لە کۆچبەران مردنیان پێ باشترە لەوەی بچنە توونس".
 
وەکو رێکخراوە ئەڵمانییەکە باسی دەکات، ماڵتا رەتیکردووەتەوە کە داواکارییەکانیان بۆ یارمەتیدانی کۆچبەرەکان رەتکردووەتەوە، بەڵام دواتر مۆڵەتی دەسەڵاتدارانی توونسی وەرگرتووە بۆ ئەوەی بەهانای کۆچبەرەکانەوە بچن. 
 
توونس وڵاتێکی ترانزێتی سەرەکییە بۆ هەزاران کۆچبەری ئەفریقی کە ساڵانە بە رێگەی دەریادا هەوڵی گەیشتن بە ئەورووپا دەدەن.
 
لە ساڵی 2023دا، توونس رێککەوتنێکی بە بڕی 255 ملیۆن یۆرۆ (290 ملیۆن دۆلار) لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا واژۆ کرد، کە نزیکەی نیوەی ئەو بڕە پارەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی تەرخانکرابوو.
 
ئامانجی رێککەوتنەکە بەهێزکردنی توانای توونس بوو بۆ راگرتنی بەلەمەکان لە جێهێشتنی کەناراوەکانی، بەڵام چالاکڤانان دەڵێن کۆچبەران لەو وڵاتەدا رووبەڕووی جیاکاری، رەگەزپەرستی و تووندووتیژی دەبنەوە.
 
حکومەتی راستڕۆی ئیتاڵیا پشتیوانی لە رێککەوتنەکەی توونس کرد وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ راگرتنی بەلەمەکان، کە سنووردارکردنی چالاکییەکانی کەشتییەکانی رێکخراوە ناحکومییەکانیشی لەخۆگرتبوو.