ماکرۆن: ئەورووپا بۆ گەرەنتیی ئەمنیی ئۆکراینا ئامادەیە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت، هەر کە پەیماننامەیەکی ئاشتی بۆ راگرتنی جەنگی ئۆکراینا واژۆکرا، ئەورووپا ئامادەیە گەرەنتیی ئەمنی بۆ ئۆکراینا دەستەبەر بکات.
رۆژی چوارشەممە 03-09-2025 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پاریس پێشوازیی لە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کرد و گوتی: "ئێمەی ئەورووپی ئامادەین، ئۆفەری گەرەنتیی ئەمنی بە ئۆکراینا و ئۆکراینییەکان بدەین، هەر لەو رۆژەی کە واژۆ لەسەر ئاشتی دەکرێت."
ماکرۆن ئاماژەی بەوەدا، وردەکارییەکانی ئەو گەرەنتییە تەواو نهێنین، بەڵام ئامادەکاریی گەرەنتییەکە دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی ئەورووپا دەستپێدەکات.
ماکرۆن گوتی: "ئێمە بۆ ئاشتییەکی بەهێز و ماوەدرێژی ئۆکراینا و ئەورووپییەکان ئامادەین. ئێستا پرسیارەکە لەسەر ئامادەیی رووسیایە."
ماکرۆن هەمیشە گومانی لە قسەکانی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا هەبووە سەبارەت بەوەی کە مۆسکۆش چاوی لە ئاشتییە.
زیلینسکی گوتی، ئەو هیچ نیشانەیەکی لێ دیار نییە کە مۆسکۆ بیەوێت جەنگەکە راگرێت.
پێشبینی دەکرێت، ئەو گەرەنتییە ئەمنییەی کە ئەورووپییەکان گوشارێکی زۆری بۆ دەکەن بریتیبێت لە؛ ناردنی سەربازانی ئەورووپی بۆ ئۆکراینا، مەشقپێدانی سەربازان و پاڵپشتییەکی پتەو لە کۆشکی سپیی ئەمریکا.