شەتداونی حکومەتی ئەمریکا؛ سەدان هەزار فەرمانبەر بێکار بوون و مەترسیی جیهانی هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی رێکنەکەوتنی کۆنگرێس لەسەر بودجە، حکومەتی ئەمریکا تووشی "شەتداون" بووە؛ ئەمەش بووەتە هۆی ناردنەوەی سەدان هەزار فەرمانبەر بۆ ماڵەوە بەبێ مووچە و داخستنی دامەزراوە حکومییەکان. پسپۆڕان هۆشداری دەدەن، ئەگەر بارودۆخەکە درێژە بکێشێت، کاریگەرییەکانی لە دەرەوەی ئەمریکاش هەستی پێدەکرێت.
 
ژنێک لەگەڵ منداڵەکەی لە ویلایەتێکی دراوسێوە بۆ سەردانی مۆزەخانەی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا تێوەدۆر رۆزەڤێلت چوونەتە نیویۆرک، بەڵام چەند رۆژێکە مۆزەخانەکە داخراوە. ئەو ژنە دەڵێت، "زۆر نائومێدم، چونکە ئەمڕۆ کاتم هەبوو، هیوادار بووم لەگەڵ (بڵەیک)ی کچم سەردانی ئەو شوێنە بکەم کە تیوەدۆری تیادا گەورە بوو."
 
رووداوەکە پێی دەڵێن "شەتداونی حکومەت" و بەهۆیەوە سەدان هەزار فەرمانبەری حکومی بێ مووچە نێدراونەتە ماڵەوە، چەندین دامەزراوەی حکومی پارەیان نییە خەرجی بکەن.
 
رۆژی چوارشەممە 1ی تشرینی یەکەم ئەم بارودۆخە دەستیپێکرد، دوای ئەوەی کۆدەنگی لە کۆنگرێس دروست نەبوو تاوەکو بودجەی ساڵی نوێ پەسند بکرێت.
 
کاسی هۆچوڵ، حوکمڕانی ویلایەتی نیویۆرک دەڵێت، "ئەمڕۆ بەهۆی ئەمەوە ئاژاوەیان خستووەتە نێو ملیۆنان خێزانی ئەم وڵاتە مەزنەمان و یەک بە یەکی شوێنی کارەکان لە کۆمەڵگەکەماندا."
 
لە شاری نیویۆرک تەنانەت باڵەخانەیەکی مێژووییش، کە پێی دەڵێن فێدراڵ هۆڵ و شوێنی لەدایکبوونی یەکەم حکومەتی ئەمریکایە، داخراوە و فەرمانبەرەکانی نێدراونەتە ماڵەوە. شەتداون کاریگەریی لەسەر پۆلیس و دامەزراوەکانی ئاسایش نابێت.
 
دانیشتوویەکی نیویۆرک ئاماژەی بەوە کرد، "شەتداونی حکومەت خەمهێنەرە، گرنگ نییە چی هەیە و کێ بەرپرسە؛ چونکە ئەمە پەیوەندیی بە بڕینی بیمەی تەندروستیی خەڵک و چەندین بابەتی دیکەوە هەیە."
 
رۆژی پێنجشەممە 2ی تشرینی یەکەم، وۆڵ ستریت، نزیک بۆرسەی نیویۆرک جمەی دەهات و هەموو شتێک ئاسای دیاربوو؛ تاوەکو ئێستا شەتداونی حکومەتی ئەمریکا کاریگەریی گەورەی لەسەر بازاڕەکان دروست نەکردووە، بەڵام پسپۆڕان دەڵێن، ئەگەر درێژە بکێشێت ئەوا کاریگەرییەکانی دەکرێت لە دەرەوەی ئەمریکاش هەستیان پێبکرێت.