راپۆرتێک لە پەرلەمانی ئەڵمانیا: ناسیۆنالیستە تورکەکان زۆرترین رەگەزپەرستی دژی کورد دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ئەم هەفتەیە لەناو پەرلەمانی ئەڵمانیا راپۆرتی ساڵانەی "داتا و زانیاری و لێکۆڵینەوە لەسەر رەگەزپەرستی بەرامبەر کورد" بڵاوکرایەوە. راپۆرتەکە، کە پشتی بە سکاڵا فەرمییەکانی کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتە بەستووە، ئامارێکی ورد لەسەر سەرچاوەی ئەو هەڵسوکەوتە رەگەزپەرستییانە دەخاتەڕوو.
بەپێی ئەنجامەکانی راپۆرتەکە، زۆرترین سکاڵاکان لەسەر ناسیۆنالیستە تورکەکان تۆمار کراون کە رێژەی 37.8% پێکدەهێنن؛ لەدوای ئەوانیشەوە کەسانی ناسنامە نادیار بە رێژەی 30.4% دێن، ئیسلامییەکانیش بەرپرسن لە 16.6%ی حاڵەتەکان و ناسیۆنالیستە عەرەبەکان رێژەی 10.1% پێکدەهێنن.
یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی راپۆرتەکە ئەوەیە، مانگی ئادار بە مانگی زۆرترین حاڵەتەکانی رەگەزپەرستی دادەنرێت، کە هاوکاتە لەگەڵ ئاهەنگەکانی جەژنی نەورۆز و بۆنە نیشتمانییەکانی دیکەی کوردستان.
هەروەها راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات، زۆربەی حاڵەتەکان لە رێگەی ئۆنلاینەوە ئەنجامدراون، کە 158 حاڵەت بووە، لە بەرامبەردا 59 حاڵەت بە شێوەی رووبەڕوو لە ژیانی رۆژانەدا روویانداوە.
لە کۆتاییدا راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، لە کاتێکدا رەگەزپەرستیی ناسیۆنالیستە تورکەکان پرسێکی ناسراوە و زۆر قسەی لەسەر کراوە، بەڵام هەڵسوکەوتی رەگەزپەرستانەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی، بەتایبەت دوای گۆڕانکارییەکانی سووریا، وەکو دیاردەیەکی نوێ و روو لە هەڵکشان دەبیندرێت، کە کەمتر تیشکی خراوەتەسەر.
هەر لەم بارەیەوە پێشڕەو محەممەد، لێکۆڵینڤان و نووسەر لە بەرلینەوە، چەند لایەنێکی شاراوە و هەستیاری لەبارەی رەگەزپەرستی دژە کورد لە ئەڵمانیا و رۆڵی مێژوویی و هاوچەرخی ناسیۆنالیزمی ئێران لە پەیوەندی بە پرسی کوردەوە خستەڕوو. محەممەد تیشکی خستەسەر هەوڵێکی نوێ بۆ کۆکردنەوەی داتای تایبەت بە رووداوەکانی رەگەزپەرستی دژە کورد، کە بە شێوەیەکی سیستماتیک و ورد پۆلێنکراون.
ئەم پڕۆژە نوێیە، کە ماوەی نزیکەی ساڵێکە دەستیپێکردووە و تائێستاش لەنێو کوردی دیاسپۆرا لە ئەڵمانیا بە تەواوی ناسراو نییە، لەلایەن "سەنتەری کۆکردنەوەی زانیاری دەربارەی رەگەزپەرستی دژە کورد لە ئەڵمانیا" سەرپەرشتی دەکرێت، پێشڕەو روونیکردەوە کە ئەو داتایانەی کۆکراونەتەوە، تەنیا بەشێکی بچووکن لە کۆی گشتی رووداوە راستییەکان، چونکە زۆرێک لە حاڵەتەکانی رەگەزپەرستی بەهۆی نەبوونی زانیاری یان ناناساندنی پڕۆژەکە تۆمار نەکراون.
شیکردنەوەی پێشڕەو محەممەد بۆ پۆلێنکردنی رەگەزپەرستی دژە کورد چەند رەهەندێکی گرنگی دەرخست: رەگەزپەرستی سیاسی کە پەیوەندی بە هێرشکردنە سەر چالاکوانانی سیاسی کوردەوە هەیە، رەگەزپەرستی کولتووری کە بە سووکایەتیکردن بە زمانی کوردی دەردەکەوێت، و رەگەزپەرستی ئایینی کە تێیدا کورد وەک بێدین، کافر، تێکدەری ئیسلام، زایۆنست، یان بەکرێگیراوی جوو تۆمەتبار دەکرێن، تەنانەت لەلایەن گرووپە موسوڵمان و ئیسلامییەکانەوە، سەرەڕای ئەوەی زۆربەی کورد موسوڵمانن، هەروەها رەگەزپەرستی لەنێو کۆچبەراندا باسکرا، کە تێیدا کۆچبەری کورد وەک هەڕەشە لەسەر کۆچبەرانی دیکە دەبینرێت.
یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی قسەکانی پێشڕەو محەممەد ونبوونی ناسنامەی کورد بوو لەنێو پۆلێنە گەورەکەی "رەگەزپەرستی دژە موسوڵمان." ئەو ئاماژەی بەوەش دا، هەرچەندە ماوەی 20 ساڵە وشەکانی "دژە بێگانە" یان "دژە موسوڵمان" لە ئەڵمانیا باون، بەڵام پۆلێنێکی دیاریکراو بۆ هێرشکردنە سەر کورد بوونی نییە، لەنێو کۆمەڵگای موسوڵمان نشین و کۆچبەری موسوڵمان نشینیشدا، کورد پەراوێز خراوە و وەک بەشێک لە کۆمەڵگاکەیان ئەژمار ناکرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پێشڕەو محەممەد بە قووڵی رووچووە ناو رۆڵی مێژوویی ئەڵمانیا لە بەهێزکردنی ناسیۆنالیزمی ئێران و شاردنەوەی هێرشەکانی ئەم ناسیۆنالیزمە بۆ سەر کورد، ئەو لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی-فەلسەفی بە ناوی "جوانیناسیکردنی ناڕەزایەتی و بە رەگەزیکردنی ئازار: ئایدۆلۆژیای ئێرانی و پیشاندانەوەی کورد" ئەنجام داوە، ئەو جەختی لەوە کردەوە کە دیاسپۆرای ئێران لە ئەڵمانیا، دوای ئەمریکا، گەورەترین دیاسپۆرایە لە جیهاندا.
پێشڕەو محەممەد روونیکردەوە کە ئەڵمانیا لە سەدەی نۆزدەهەمەوە بەردەوام هەوڵی داوە فۆرمێکی نوێی ناسیۆنالیزمی ئێران پەرە پێبدات، ئەمەش لەپشت کۆمەڵێک بەرژەوەندی جیۆپۆلەتیکی و رێگریکردن لە کۆلۆنیالیزمی بەریتانی بووە، گوتیشی کە ئەڵمانییەکان دەستیان کرد بە بەهێزکردنی ناسیۆنالیزمی ئێران و چەمک و بیرۆکەی جیاوازیان بۆ داتاشیون و کردیانن بە بەشێک لە ئاریاییەکان، ئەو ئاماژەی بەوەشدا کە تاوەکو ساڵی 1935 لە ئێران و تەنانەت لە ئەورووپاش کەس وڵاتێک بە ناوی ئێران نەدەناسی، و لە جەنگی یەکەمی جیهاندا قەیسەر ڤیلهێلمی دووەم بە شێوەیەکی دیاریکراو پڕۆژەی هاوپەیمانێتی و ناسیۆنالیزمی ئێرانی هێنایە ئاستی دەوڵەتی.
کاریگەری ئەم ناسیۆنالیزمە لە میدیای ئەڵمانیدا بە تایبەت لە کاتی رووداوەکانی شۆڕشی ژینا ئەمینی بە شێوەیەکی بەرچاو دەرکەوت، پێشڕەو محەممەد باس لەوە دەکات کە زۆربەی دیاسپۆرای ئێران لە ئەڵمانیا، کە زۆربەیان لایەنگری پاشایەتی خوازەکانن، قبوڵیان نەبوو ناوی ژینا ئەمینی بەکاربهێنرێت و لەبری ئەوە مەهسا ئەمینییان بەکارهێنا، هەروەها دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لەسەر هەموو دیوارەکانی ئەڵمانیا و لە میدیاکاندا بڵاوکرایەوە و وەرگێڕدرا بۆ زیاتر لە سەد زمان، بەڵام بەبێ هیچ ئاماژەیەک بە سەرچاوە کوردییەکەی و بێ بوونی وەشانی کوردی، کاتێکیش کورد هەوڵیاندەدا رەخنە لەم جۆرە نیشاندانەوەی وێنەی کورد لە میدیای ئەڵمانیدا بگرن و رۆڵی سەرەکییان لە راپەڕینەکانی ژینادا دەربخەن، دەنگیان فەرامۆش دەکرا و پشتگوێ دەخرا، ئەم دۆخە وەک رەهەندێکی رەگەزپەرستانە سەیر دەکرێت کە پێویستە بە جیددی کاری لەسەر بکرێت.