ترەمپ: شەرع کارێکی زۆر باش دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، "رەنگە" لە کۆشکی سپی لەگەل ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا کۆبێتەوە.
ترەمپ کاتێک لە فلۆریداوە دەگەڕایەوە بنکەی ئاسمانیی ئەندرووز لە نزیک واشنتن، رۆژنامەڤانێک لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتی پرسیاری لێکرد ئایا لەگەڵ شەرع کۆدەبێتەوە؟ لە وەڵامدا گوتی: "رەنگە ئەو بێت؛ نازانم."
بە گوێرەی میدیای ئەمریکی، کۆبوونەوەکە لە 10ـی ئەم مانگە دەبێ.
سەرۆکی ئەمریکا ستایشی سەرۆکی سووریای کرد و گوتی: "ئەو کۆڵنەدەرانە کاردەکات. ئێمە سزاکانی سەر سووریامان هەڵگرتن بۆ ئەوەی دەرفەتێکی رزگاربوونیان پێبدەین. دەبیستم کە ئەو کارێکی زۆر باش دەکات."
رۆژی شەممە، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا رایگەیاند، ئامانج لە سەردانەکەی شەرع بۆ واشنتن، واژۆکردنی رێککەوتننامەی بەئەندامبوونی سووریایە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کە لەلایەن ئەمریکاوە سەرکردایەتی دەکرێ.
ئەمە دەبێتە یەکەم سەردانی سەرۆکی سووریا بۆ واشنتن و دووەم سەردانی بۆ ئەمریکا، دوای گەشتەکەی بۆ نیویۆرک و بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلوول کە تێیدا بووە یەکەم سەرۆکی سووریا لە دوای دەیان ساڵ گوتار لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشكێش بکات.
گرووپەکەی شەرع، دەستەی تەحریری شام (هەتەشە)، کە پێشتر سەر بە رێکخراوی قاعیدە بوو، لە مانگی تەممووزی رابردوو لەلایەن واشنتنەوە لە لیستی تیرۆر دەرکرا.
مانگی ئایار، سەرۆکی سووریا بۆ یەکەم جار لە ریاز لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە، لە سەردانێکی مێژووییدا کە وایکرد ترەمپ بەڵێنی هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکانی سەر سووریا بدات.