بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی رووسیا؛ یەکێتی ئەورووپا درۆن بۆ چاودێریی سنوورەکانی تەرخان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا بەنیازی پلانێکی فراوانە بۆ پاراستنی سنوورەکانی ئەورووپا لە بەرامبەر دزەکردنی درۆنی نەناسراو لە چەند مانگی رابردوودا، کە لە ئاسمانی کیشوەرەکە بیندراون، ئەمەش لە رێگەی دابینکردنی درۆنی چاودێری لەو سنوورانە و پاراستنی ژێرخانە گرنگەکانی ئەورووپا، بەتایبەت فڕۆکەخانەکان.
بەگوێرەی راپۆرتی میدیاکانی ئەورووپا، ئەم پلانەی یەکێتیی ئەورووپا لە کاتێکدایە، نیگەرانن بەرامبەر زنجیرەیەک پێشێلکاری لە ئاسمانی ئەورووپا لە چەند مانگی رابردوودا، کە دواترینیان چاودێریکردنی درۆنێکی نەناسراوە بۆسەر دامەزراوە سەربازی و سڤیلەکانی بەلجیکا و هەروەها چاودێریکردنی فڕۆکەخانەی شاری میونشنی ئەڵمانیا، کە بووە هۆی راگرتنی گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەکە بە شێوەیەکی کاتی.
ئەنجوومەنی ئەورووپا یاداشتێکی لە 30ی تشرینی یەکەم، بە سەرۆکایەتیی دانیمارک ئامادە کردووە و لەو یاداشتنامەیەشدا پێشنیاز کراوە، درۆنی چاودێری و پێشکەوتوو بۆ دەزگای سنوورەکانی ئەورووپا، ناسراو بە "فرۆنتێکس،" دابین بکەن.
ئەمەش وەکو رێکارێکی نوێ بۆ پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بەو دەزگایە، تاوەکو بەرپرسیارێتیی زیاتر بگرێتە ئەستۆ بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە درۆنی و پێشێلکارییە ئاسمانییەکان، لەگەڵ پاراستنی ژێرخانە ستراتیژییەکانی کیشوەرەکە.
پێداچوونەوە بەو رێکارە نوێیەی فرۆنتێکس، کە بڕیارە ساڵی داهاتوو بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، لە سەرەتای ئەم ساڵ، لەلایەن ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا پەسند کرا و ئێستاش بەشێکە لە پلانی کاری یەکێتیی ئەورووپا بۆ ساڵی 2026.
چاوەڕوان دەکرێت بەرپرسانی یەکێتییەکە لە کۆبوونەوەی گشتیی ئەورووپا لە 5ی ئەم مانگە تاوتوێی بکەن.
بەگوێرەی ئەو پلانە، یەکێتیی ئەورووپا دەیانەوێت ئەرکەکەی دەزگای فرۆنتێکس رێکبخەنەوە و فراوانتریشی بکەن، ئەمەش بەهۆی گۆڕینی دۆخی ئەمنیی ئەورووپا و هەڕەشەی رووسیا و کاریگەرییەکانی جەنگی سێ ساڵ و نیوەی ئۆکراینا لەسەر کیشوەرەکە.
ئەرکی ئێستای فرۆنتێکس، بریتییە لە هاوکاریکردنی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا بۆ پاراستنی سنوورە زەوینییەکانیان و دابینکردنی پاسەوان لە خاڵە سنوورییەکان، بە مەبەستی رێگریکردن لە دزەکردنی کۆچبەرانی نایاسایی و باندەکانی قاچاخچێتی.
مانگی رابردوو ماگنۆس برونەر، کۆمیسیۆنی کاروباری کۆچبەران ئاماژەی بەوە دا، ئەرکی دەزگای فرۆنتێکس لە داهاتوویەکی نزیکدا فراوانتر دەکرێت و ئەرکەکانیشی بۆی زیاد دەبن بریتی دەبن لە بەرەنگاربوونەوەی هێرش و پێشێلکارییەکان لەڕێگەی درۆنەوە، لەگەڵ پاراستنی فڕۆکەخانەکانی ئەورووپا.
ئەم رێوشوێنە ئەمنییانە لەدوای ئەوە دێت، مانگی رابردوو 15 درۆنی نەناسراو لەسەر چەندین بنکەی سەربازی و فڕۆکەخانە مەدەنییەکانی ئەڵمانیا بیندراون. کێ لەپشت ئەو پێشێلکارییانە و هۆکارەکانیشی تائێستا روون نییە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا، سەرکردەکانی ئەڵمانیا چەند جارێک هۆشدارییان داوە سەبارەت بە زیادبوونی ئەو پێشێلکاریانە و زۆربەشیان رووسیا بەو پێشێلکارییە و هەڵدانی درۆنانە تۆمەتبار دەکەن.
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، گەشتی ئاسمانی لە چەند فڕۆکەخانەیەکی وڵاتانی دانیمارک، بەلجیکا، ئیستۆنیا، رۆمانیا، نەرویج و پۆڵەندا، راگیراون ئەمەش لەدوای ئەوەی درۆنی نەناسراو لەسەر ئەو فرۆکەخانانە بینراون، سەرجەم ئەو وڵاتانەش رووسیایان بەو کارە تۆمەتبار کردوە، بەڵام مۆسکۆ ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە.