لە چین 50 کیلۆگرام لە کێشت دابەزێنە و پۆرشێک بە دیاری وەربگرە

رووداو دیجیتاڵ
 
هۆڵێکی لەشجوانی لە هەرێمی شاندۆنگی چین بڵاویکردەوە، دەستیان بە ناونووسکردنی خەڵک کردووە بۆ بەشداریکردن لە پێشبڕکێیەک بۆ ئەوەی هەر کەسێک توانی لە 90 رۆژدا 50 کیلۆگرام لە کێشی دابەزێنێت، ئۆتۆمبێلێکی بە دیاری پێشکەش دەکرێت.
 
ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری پۆرش پانامیرای مۆدێل 2020ە و نرخەکەی نزیکەی 155 (15 دەفتەر و 50 گەڵا) هەزار دۆلارە. 
 
وانگۆ مۆ، یەکێک لە راهێنەرەکانی هۆڵەکەیە و بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، ئەوەی بڵاوکراوەتەوە تەنیا ریکلامێک نییە و تاوەکو ئێستا هەشت کەس ناوی خۆیان تۆمارکردووە. 
 
30 کەس دەتوانن بەشداری پێشبڕکێیەکە بکەن، بۆ ئەمە هەریەکەیان پێویستە هەزار و 400 دۆلاری ئەمریکی بدات. 
 
ژمارەیەک لە پزیشک دژی ئەم پێشبڕکێیەن و هۆشداریان داوە. فو یانگسۆن، پزیشکی هەناوییە و بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "کەمکردنەوەی کێش بەم خێراییە دەکرێت ژیانی بەشداربووان بخاتە مەترسییەوە". 
 
یان سی، پزیشکێکی دیکەی هەناوییە لە نەخۆشخانەیەکی ئەو هەرێمەی چین و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە، "کەمکردنەوەی 0.5 کیلۆگرام لە رۆژێکدا زۆرە. ئەگەر کەسەکە زۆر قەڵەو نەبێت، دەکرێت ئەمە ببێتە هۆی لەدەستدانی ماسوولکەکان، گێژبوون، قژوەرین و چەندین کێشەی دیکەی تەندروستی". 
 
بە گوێرەی ماڵپەڕی چاودێری قەڵەوی لە جیهاندا، لە چین 36.4٪ی پیاوان کێشیان زیادە و 6.3٪یشیان قەڵەون. هەروەها، 28.9٪ی ژنان کێشیان زیادە و 6.8٪یشیان قەڵەون.