داوا دەکرێت تاوەکو 2030 کۆتایی بە پڕکردنەوەی ددان بە جیوە بهێندرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
چەندین وڵات لەنێویاندا ئەمریکا رۆژی دووشەممە داوای قەدەخەکردنی پڕکردنەوەی ددانیان بە جیوە تاوەکو ساڵی 2030 کرد. 
 
رۆبەرت ئێف کێنێدی جونیۆر، وەزیری تەندروستیی ئەمریکا لە کاتی واژۆکردنی پەیماننامەکە لە جنێف کە بە ڤیدیۆ بەشداربوو رایگەیاند، "شتێکی بێ پاساوە کە هێشتا حکومەتەکان لە سەرانسەری جیهان رێگە بە بەکارهێنانی جیوە و پێکهاتەکانی لە تەندروستیدا دەدەن، لە ژمارەیەک شوێنگرەوەی سەلامەت هەن". 
 
کێنێدی پرسیاری ئەوەی کرد کە بۆچی جیوە بە "مەترسیدار لە پاتری، لە دەرمان و ماکیاژدا" دادەنرێت، بەڵام لە پڕکردنەوەی ددانەکاندا قبوڵکراوە.
 
رێکخراوی تەندروستی جیهانی جیوە بە یەکێک لە 10 ماددە کیمیاییە سەرەکییەکان دادەنێت، کە مەترسی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دروستدەکەن و دەڵێت، ئەگەری هەیە مرۆڤ ژەهراوی بکات. 
 
هەندێک وڵات پێشتر بەکارهێنانی جیوەیان لە پڕکردنەوەی ددان قەدەخە کردووە، کە مادەیەکی باوی پڕکردنەوەی ددانە بۆ چارەسەرکردنی پووکانەوەی ددان و بۆ زیاتر لە 175 ساڵ بەکارهاتووە.
 
رێککەوتننامەی "میناماتا" سەبارەت بە جیوە پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتییە بۆ پاراستنی تەندروستیی مرۆڤ و ژینگە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی جیوە و پێکهاتەکانی.
 
زیاتر لە 150 وڵاتی جیهان بەشدارن لە رێککەوتننامەکەدا کە لە ساڵی 2013 پەسند کرا و لە ساڵی 2017 کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
مەرجی ئەوە هەیە کە واژۆکاران رێوشوێن بگرنەبەر  قۆناخ بە قۆناخ  بەکارهێنانی جیوە لە پڕکردنەوەی دداندا نەهێڵن.
 
ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەفریقا دەیانەوێت بەرهەمهێنان، هاوردە و هەناردەکردنی ئەو جیوەیەی لە پڕکردنەوەی دداندا بەکاردەهێندرێت تاوەکو ساڵی 2030 قەدەخە بکەن. 
 
چەند وڵاتێک دژایەتی ئەم پێشنیازەی وڵاتانی ئەفریقایەیان کرد، لەوانە بەریتانیا، ئێران و هیندستان.
 
نوێنەری بەریتانیا رایگەیاند، ساڵی 2030 "زۆر زووە"، سەرەڕای هۆکاری ژینگەیی بەهێز بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی جیهانیمان بە پڕکردنەوەی ددان بە تێکەڵەیەکی جیوە بەڵام تێچوو و کەمی کاتی مانەوەی بژاردەکان گەورەترین رێگرین بۆ ئەو ئامانجە.