پێنجشەممە 'مانگی سارد' دەردەکەوێت؛ قەبارەی گەورەتر و گەشتر دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 4ی کانوونی یەکەمی 2025 دوایین مانگی گەورەی ساڵ، کە بە "مانگی سارد" ناسراوە، دەردەکەوێت؛ یەکێک دەبێت لە دیارترین دیاردە گەردوونییەکانی ساڵی 2025، تێیدا مانگ قەبارەی گەورەتر و گەشتر دەردەکەوێت.
دکتۆر عەبدوڵڵا کامیل، فەلەکناس و مامۆستای فیزیا لە زانکۆی بەغدا، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مانگی سارد بەوە جیادەکرێتەوە قەبارەکەی گەورەتر و رووناکییەکەی زیاترە، چونکە لە نزیکترین خاڵی خۆی لە زەوی دەبێت، ئەمەش وادەکات تاوەکو 14% گەورەتر لە مانگەکانی دیکە دەربکەوێت و گەشیی مانگەکەش 30% زیاتر دەبێت."
بە گوتەی ئەو فەلەکناسە، ناوی "مانگی سارد" لە نەریتێکی ئەمریکییەوە هاتووە، کە ناوی مانگەکان بە وەرزەکانەوە دەبەستنەوە و رەنگدانەوەی کەشوهەوای ساردی ئەم وەرزەیە.
دکتۆر عەبدوڵڵا کامیل دەڵێت، "لەو شەوەدا، مانگ بە شێوەیەکی نائاسایی لە ئاسمانی زستاندا بەرز دەبێتەوە، ئەمەش دیمەنێکی تایبەتی دەبێت، بەتایبەتی کاتێک لەکاتی هەڵهاتنی مانگ لە نزیک ئاسۆ چاودێری دەکرێت، کە بەهۆی 'وەهمی مانگ'ـەوە گەورەتر دەردەکەوێت."
گوتیشی، "ئەوانەی حەز بە وێنەگرتنی 'مانگی سارد' دەکەن، باشترین کات دەمەو مەغریب کە خۆر ئاوا دەبێت."
ئەمە دواین مانگی پڕی ساڵی 2025 دەبێت و یەکەم مانگی گەورەی ساڵی 2026 کە بە "مانگی گورگ" ناسراوە، لە 3ـی کانوونی دووەمی 2026 دەبێت.
مانگی سارد چییە؟
"مانگی سارد" ئەو ناوە میللی و فەلەکییەیە، کە بە دوایین مانگی پڕ (Full Moonـی ساڵی زایینی دەگوترێت، ئەم مانگە هەمیشە دەکەوێتە مانگی کانوونی یەکەم، واتە کاتێک کە وەرزی پاییز کۆتایی دێت و زستان دەستپێدەکات.
سەرچاوەی ناوی "مانگی سارد" دەگەڕێتەوە بۆ گەلە ڕەسەنەکانی ئەمریکای باکوور (بە دیاریکراوی هۆزی مۆهاوک).،لەبەر ئەوەی دەرکەوتنی ئەم مانگە پڕە هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما و دەستپێکی سەرمای زستان، ئەوان ئەم ناوەیان بۆ داناوە وەکو نیشانەیەک بۆ گۆڕانی وەرزەکە، جگە لە "مانگی سارد"، بەم مانگە دەگوترێت "مانگی شەوی درێژ، دەرکەوتنی ئەم مانگە نزیکە لە دیاردەی "هەڵگەڕانەوەی زستانە، کە تێیدا شەو دەبێتە درێژترین شەوی ساڵ و رۆژ کورتترین ماوەی دەبێت.
لێکدانەوەکان بۆ مانگی سارد:
• لە کولتووردا: کۆتاییهاتنی ئەم مانگە بە واتای کۆتاییهاتنی ساڵ و داخستنی پەڕەی کۆن دێت، کاتێکە بۆ پشوودان، مانەوە لە ماڵەوە لەبەر سەرما، و خۆئامادەکردن بۆ ساڵی نوێ.
• لە ئەستێرەناسیدا: دەگوترێت وزەی ئەم مانگە مرۆڤ هان دەدات بیر لە رابردووی خۆی لە ساڵی رابردوودا بکاتەوە و پلان بۆ داهاتوو دابنێت.