ترەمپ بۆ شەرع: ئەحمەد، تۆ دەبیتە سەرکردەیەکی مەزن و ئەمریکا یارمەتیت دەدات
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نامەیەکی دەستنووسدا بۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، جارێکی دیکە پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ سەرکردایەتیی نوێی سووریا دووپاتکردەوە و بەڵێنی دا کە "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یارمەتیت دەدات."
نامە دەستنووسەکە، کە لەگەڵ وێنەیەکی کۆبوونەوەکەی مانگی رابردووی کۆشکی سپیدا هاوپێچ کرابوو، لە رێگەی تۆم باراک، نێردەی ئەمریکاوە گەیێندرایە دیمەشق. لە نامە کورتەکەدا هاتووە: "ئەحمەد، تۆ دەبیتە سەرکردەیەکی مەزن و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یارمەتیت دەدات."
باراک، نێردەی ئەمریکا، لەم هەفتەیەدا بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ شەرع و بەرپرسانی دیکەدا لە دیمەشق بوو. ئامانجی سەردانەکە تاوتوێکردنی دۆخی سووریا بوو.
هاوکات، رۆژی دووشەممە، ترەمپ ستایشی سەرۆکی سووریای کرد و داوای لە ئیسرائیل کرد بەردەوام بێت لە گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق. ترەمپ لە پۆستێکدا لەسەر لە ترووس سۆشیاڵ نووسی: "زۆر گرنگە کە ئیسرائیل دیالۆگێکی بەهێز و راستەقینە لەگەڵ سووریادا بپارێزێت و هیچ شتێک روونەدات کە ببێتە رێگر لە گەشەکردنی سووریا بۆ دەوڵەتێکی گەشەسەندوو."
دواتر دەرکەوت کە ئەم پۆستە دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بووە. بەگوێرەی هەواڵەکان، نەتەنیاهوو داوای لە ترەمپ کردووە زیاتر دەستوەردان بکات بۆ یارمەتیدانی.
سەردانی فەرمیی شەرع لە مانگی رابردوودا بۆ ئەمریکا، وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە پەیوەندییەکاندا، بەتایبەتی کە رۆژێک بەر لە سەردانەکە، واشنتن ناوی سەرۆکی سووریای لە لیستی تیرۆردا سڕییەوە.
حکومەتی شەرع لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، هەوڵەکانی بۆ هاوکاریی زیاتر لەگەڵ هاوبەشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا چڕکردووەتەوە، کە دوای 14 ساڵ لە شەڕ، پێویستی بە زیاتر لە 216 ملیار دۆلارە بۆ ئاوەدانکردنەوە.