روبیۆ: ڤەنزوێلا خۆی لە ئێران و حیزبوڵـڵا نزیککردبووەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، مەرج نییە دۆخی ڤەنزوێلا دوای دەستگیرکردنی سەرۆکی ئەو وڵاتە وەکو لیبیا، عێراق یان ئەفغانستانی لێبێت. ئەو دەڵێت، حکومەتی کاراکاس خۆیان لە ئێران و حیزبوڵـڵا نزیککردبووەوە و ناچاربوون هەنگاوێک بنێن. 
 
رۆژی یەکشەممە، 4ی کانوونی دووەمی 2025، مارکۆ روبیۆ سەبارەت بە نیگەرانیی وڵاتان لەبارەی دۆخی ڤەنزوێلا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "دامەزراوەکانی سیاسەتی دەرەوە وا دەزانن هەموو شوێنێک لیبیایە، هەموو شوێنێک عێراقە، هەموو شوێنێک ئەفغانستانە. ئەمە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە". 
 
دەشڵێت، "ئەرکی ئێمە لێرە زۆر جیاوازە. ئەمە نیوەگۆی رۆژئاوایە. لەناو نیوەگۆی رۆژئاوادا، وڵاتێکمان هەیە، کە ئەگەری هەیە وڵاتێکی زۆر دەوڵەمەند بێت، کە لەژێر کۆنترۆڵی ئەم رژێمەدا خۆی نزیک کردووەتەوە (لە نەیارەکانمان)". 
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، حکومەتی ڤەنزوێلا "خۆی لە ئێران نزیک کردبووەوە. خۆی لە حیزبوڵـڵا نزیک کردبووەوە. رێگەی داوە بە باندەکانی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان کە بەبێ سزا لەناو خاکی خۆیاندا کار بکەن، رێگەی بە بەلەمەکانی ماددەی هۆشبەر دەدا لە خاکەکەیانەوە هاتوچۆ بکەن. ئێمە خەریکی چارەسەرکردنی ئەوەین". 
 
دوێنێ ئەمریکا هێرشیکردە سەر ڤەنزوێلا و نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوژینەکەیانی رفاند. هەریەک لە یەکێتیی ئەورووپا و ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی یەکێتییەکە داوای پاراستنی یاسای نێودەوڵەتی و رێزگرتن لە خواستی ڤەنزوێلیەکان بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە دەکەن. 
 
ئەیلوولی رابردوو، ئەمریکا وەکو بەشێک لە سیاسەتی رێگری لە گەیشتنی مادەی هۆشبەر دەستی بە بۆردوومانکردنی ژمارەیەک بەلەمی نێو دەریای کاریبی و زەریای هێمن کرد. واشنتن "تیرۆرستان و قاچاخچییانی" مادە هۆشبەرەکانیان بە گواستنەوەی ئەو مادانە بەو بەلەمانە بۆ وڵاتەکەیان تۆمەتبارکرد.