لە رووداوێکی تەقەکردندا لە قوتابخانەیەکی سوێد پێنج کەس برینداربوون
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سوێد دەڵێت، لە قوتابخانەیەکی شاری ئۆرێبرۆی ئەو وڵاتە تەقە کراوە و پێنج کەس بریندار بوون.
رۆژی سێشەممە، 4ـی شوباتی 2025، پۆلیسی سوێد لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە قوتابخانەیەک تەقە کراوە؛ چوار کەس تەقەیان لێکراوە و نازاندرێت برینیان چەندە سەختە".
دوای چەند خولەکێکی کەم لە راگەیێندراوەکە، پۆلیسی ئامارێکی دیکەی بڵاوکردەوە و گوتی، ژمارەی بریندارانی رووداوەکە گەیشتووەتە 5 کەس.
جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆر پۆلیس لە شوێنی رووداوەکە بڵاوەیان پێکراوە، ژمارەیەک ئەمبووڵانس و پزیشک رەوانەی شوێنەکە کراون. پۆلیس داوا لە خەڵکی ناوچەکە دەکات لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە.
پۆلیس ئاماژە بەوە دەکات، هەموو قوتابخانەکانی ناوچەکە دەرگایان لەسەر قوتابییەکانیان داخستووە و رێگەیان پێنادەن لە قوتابخانەکان بچنە دەرەوە تاوەکو پۆلیس رێگەیان پێدەدات.
گونار سترۆمەر، وەزیری دادی سوێد بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "حکومەت لە نزیکەوە لەگەڵ پۆلیس لەسەر هێڵە و چاودێری پێشهاتەکان دەکات."
پێکدادانی نێوان باندە رکابەرەکانی تاوان و باندەکانی بارزگانیکردن بە مادەی هۆشبەر وایکردووە، رووداوەکانی تەقەکردن لە سوێد روو لە زیادبوون بکەن.
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی ئەو وڵاتە، ساڵی رابردوو 296 رووداوی تەقەکردن لەو وڵاتە هەبوون.