لە دوو هەفتەدا 35 کەس لە ژاپۆن بەهۆی بەفر و سەرماوە گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ئەو شەپۆلە سەرمایەی دوو هەفتەیە ژاپۆنی گرتووەتەوە، لانیکەم 35 کەس گیانیان لەدەستداوە. پارێزگای نیگاتاش زۆرترین زیانی گیانیی تێدا تۆمار کراوە.
ئاژانسی بەڕێوەبردنی ئاگرکەوتنەوە و کارەساتەکانی ژاپۆن، رۆژی چوارشەممە بڵاویکردەوە، لە 15 رۆژی رابردوودا 35 کەس لە ئەنجامی رووداوە جۆراوجۆرەکانی پەیوەندیدار بە بەفر و سەرماوە لە ناوچە جیاجیاکانی وڵات گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسەکە، پارێزگای نیگاتا بە گیانلەدەستدانی 12 کەس لە پلەی یەکەمی ئەو ناوچانە دێت کە زۆرترین زیانی گیانییان تێدا تۆمارکراوە.
میدیاکانی ژاپۆن دەڵێن، رۆژی سێشەممە لە پارێزگای نیگاتا، خانوویەک بەهۆی زۆری بەفری سەر بانەکەیەوە بەسەر خاوەنەکەیدا رووخا و لە ئەنجامدا پیاوێکی تەمەن 68 ساڵ گیانی لەدەستدا.
لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی کەشناسیی ژاپۆن ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە چاوەڕوان دەکرێ کاریگەریی شەپۆلەکە کەمببێتەوە، بەڵام جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم ساڵ لە زۆر ناوچەی وڵاتەکە، بڕی بەفربارین بەراورد بە ساڵانی ئاسایی زۆر زیاتر بووە.
لە 20-01-2026ەوە شەپۆلێکی بەفربارین ژاپۆنی گرتووەتەوە و لە هەندێک ناوچە نزیکەی 4 مەتر و زیاتریش باریوە.