شی جینپینگ بۆ ترەمپ: بە رێزگرتنی دوولایەنە دەتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین
رووداو دیجیتاڵ
شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە دۆناڵد ترەمپی راگەیاند، واشنتن و پەکین دەتوانن لە رێگەی "رێزگرتنی دوولایەنە" و "بنیاتنانی متمانە" کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن. شی داوای کرد ساڵی 2026 ببێتە ساڵی "پێکەوەژیانی ئاشتییانە" و هاوکارییەک کە هەردوو لایەن تێیدا براوە بن.
بەپێی میدیا فەرمییەکانی چین، شی جینپینگ لەو پەیوەندییەدا کە ئێوارەی چوارشەممە 04-02-2026 کرا، ئاماژەی بەوە کردووە، بە مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکان "یەک لە دوای یەک" و بەردەوامبوون لە بنیاتنانی متمانە، دەتوانرێت رێگەیەکی راست بۆ مامەڵەی نێوان ئەو دوو زلهێزە بدۆزرێتەوە.
"تایوان هێڵی سوورە"
سەرۆکی چین لە قسەکانیدا جەختی لەسەر پرسی تایوان کردەوە و بە "گرنگترین پرس" لە پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمریکا وەسفی کردووە. شی گوتی: "تایوان خاکی چینە و ئێمە بەرگری لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەمان دەکەین؛ هەرگیز رێگە نادەین تایوان لە چین جیا ببێتەوە." هەروەها داوای لە ترەمپ کردووە، ئەمریکا لە پرسی فرۆشتنی چەک بە تایواندا "بە وریاییەوە" رەفتار بکات.
ئەجێندای ساڵی 2026
شی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ساڵ بۆ هەردوو وڵات گرنگە؛ چین دەست بە پلانی 15ـەیەمین پێنج ساڵەی خۆی دەکات، ئەمریکاش یادی 250 ساڵەی دامەزراندنی دەکاتەوە. هەروەها هەردوو وڵات میوانداریی لووتکەی ئاپیک (APEC) و گرووپی 20 دەکەن. شی داوای کرد لەڕێگەی دیالۆگەوە کار لەسەر جیاوازییەکان بکەن و دەرفەتی هاوکارییە ئابوورییەکان فراوانتر بکەن.
وەڵامی ترەمپ و ستایشی شی جینپینگ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە بەرامبەردا رایگەیاندووە، پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و چین "گرنگترین پەیوەندیی دوولایەنەیە لە جیهاندا". ترەمپ ستایشی سەرۆکی چینی کرد و گوتی: "پەیوەندییەکی زۆر باشم لەگەڵ سەرۆک شی جینپینگ هەیە و رێزێکی زۆری بۆ دەنوێنم."
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، لەژێر سەرکردایەتیی ئەواندا، ئەمریکا و چین هاوکاریی ئەرێنییان لە بوارەکانی بازرگانی و ئابووریدا هەبووە. سەرۆکی ئەمریکا خۆشحاڵیی خۆی بە سەرکەوتنەکانی چین دەربڕی و گوتوویەتی، ئامادەن هاوکارییەکان بەهێزتر بکەن.
سەبارەت بە پرسی تایوان، ترەمپ رایگەیاندووە، "بایەخ بە نیگەرانییەکانی چین" دەدات و دەیەوێت لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا پەیوەندییەکی جێگیر و باش لەگەڵ پەکین بپارێزێت.