ئۆکرانیا: گفتوگۆکانمان لەگەڵ رووسیا و ئەمریکا جەوهەری و بەرهەمدار بوون
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ئۆکرانیا رایدەگەیێنێت، ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ شاندەکانی رووسیا و ئەمریکا لە ئەبوزەبی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی چوار ساڵەی وڵاتەکەی دەکرێن، "جەوهەری و بەرهەمدار" بوون.
رۆژی چوارشەممە 4-2-2026 رۆستەم ئومێرۆڤ، سەرۆکی شاندی دانوستاندکاری ئۆکرانیا دوای کۆتاییهاتنی یەکەم رۆژی گفتوگۆکان رایگەیاند: "دانوستاندنەکە جەوهەری و بەرهەمدار بوون، تیشک خرایە سەر هەنگاوی کۆنکرێتی و چارەسەری پراکتیکی."
ئومێرۆڤ بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر ئاشکرا بکات، ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیارە رۆژی پێنجشەممەش دانوستاندنەکان درێژەیان هەبێت.
شوباتی 2022، رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و جەنگ هەڵگیرسا. لە کانوونی دووەمی رابردووەوە، ئەمریکا سەرپەرشتیی ژمارەیەک هەوڵی بۆ ئاگربەست کردووە، بەڵام بەهۆی سووربوونی لایەنەکان لەسەر داواکارییەکانیان، تاوەکو ئێستا ئاگربەست نەکراوە.
تاوەکو ئێستا مۆسکۆ هیچ لێدوانێکی لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ نەداوە. پێشتریش پرسی خاک و گەرەنتیی ئەمنی بۆ ئۆکرانیا دیارترین رێگری بوون لەبەردەم گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست.
بەگوێرەی ئامارەکانی سوپای رووسیا، تاوەکو ئێستا توانیویانە شەش هەزار و 640 کیلۆمەتر دووجا لە خاکی ئۆکرانیا کۆنترۆڵ بکەن؛ بەرپرسانی مۆسکۆش جەخت لەوە دەکەنەوە، نایانەوێت لەو ناوچانە پاشەکشە بکەن.