ترەمپ خراپترین "پەیامنێر" دەستنیشان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ هێرشی تووند دەکاتە سەر کەیتلن کۆڵینز، رۆژنامەڤان و پێشکێشکاری کەناڵی سی ئێن ئێن و بە "خراپترین پەیامنێر" ناویدەبات.
 
رۆژی سێشەممە 3ی شوباتی 2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی ئەنجامدا و لەوێ کەیتلن لەبارەی دۆسیەی ئێپستین پرسیاری لە ترەمپ کرد.
 
کاتێک رۆژنامەڤانەکەی سی ئێن ئێن پرسیاری ئەوەی کرد کە قسەی سەرۆک بۆ رزگاربووان و قوربانییانی دەستی جێفری ئێپستین چییە؟ ترەمپ بە تووڕەییەوە وەڵامی دایەوە و رەخنەی لە هەڵسوکەوت و شێوازی پرسیارکردنی گرت.
 
ترەمپ بە پەیامنێرەکەی گوت، "تۆ زۆر خراپی. دەزانیت؟ تۆ خراپترین پەیامنێری، بۆیە سەیر نییە کە سی ئێن ئێن هیچ بینەرێکی نییە بەهۆی کەسانی وەک تۆوە."
 
 
سەرۆکی ئەمریکا رووی لە رۆژنامەڤانە ئامادەبووەکان کرد و لەبارەی پەیامنێرەکەی سی ئێن ئێنەوە گوتی، "ئەو ژنێکی گەنجە، بەڵام باوەڕ ناکەم هەرگیز بینیبێتم پێبکەنێت.. 10 ساڵە دەتناسم و هەرگیز بزەم لەسەر دەموچاوت نەدیوە. دەزانی بۆچی پێناکەنیت؟ چونکە دەزانیت راست ناکەیت و دەزگایەکی زۆر بێویژدانن، دەبێت شەرم لە خۆتان بکەن."
 
پەیوەندی نێوان دۆناڵد ترەمپ و کۆڵینز مێژوویەکی درێژی لە گرژی هەیە کە لە ساڵی 2018ـەوە بە قەدەخەکردنی کۆڵینز لە کۆشکی سپی دەستیپێکرد. 
 
تاوەکو ئێستا ترەمپ چەندین جار بە تووندی هێرشی کردووەتە سەر کۆڵینز و بە "ناشیرین"، "دەبەنگ" و "خراپترین پەیامنێر" ناویبردووە، لە بەرامبەریشدا کۆڵینز بە بەردەوامی لەسەر پرسە هەستیارەکان پرسیاری لە ترەمپ کردووە. 
 
لە بەشێکی دیکەی کۆنفڕانسە رۆژنامەڤانییەکەدا پرسیار لەبارەی هەواڵی بانگهێشتکردنی بیڵ کلینتن و هیلاری کلینتن کرا بۆ لیژنەی چاودێریی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ وەرگرتنی گوتە لێیان.
 
ترەمپ هاوسۆزی بۆ خێزانی کلینتن دەربڕی و گوتی، "بەڕاستی پێموایە جێگەی شەرمە. من هەمیشە ئەو [بیل کلینتن]ـم خۆشویستووە. ئەویش [هیلاری]، ژنێکی زۆر بەتوانایە. پێتان دەڵێم، ئەو لە دیبەیت و گفتوگۆکاندا لە زۆر کەسی دیکە باشتر بوو. ئەو ژنێکی ژیرە."
 
ترەمپ دۆخی خێزانی کلینتنی بە دۆخی خۆی چوواند و گوتی: "پێم ناخۆشە ئەمە دەبینم، بەڵام دواتر سەیری خۆم دەکەم، ئەوان دژایەتی منیان کرد و دەیانویست هەتا ماوم لە زینداندا بمێنمەوە، بەڵام دەرکەوت من بێتاوانم، زۆر بێتاوان."