ترەمپ: لەگەڵ ئێران زیاتر لە کۆبوونەوەیەک دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، بەرپرسانی ئێران خواستی دانوستاندنیان هەیە؛ هۆشداریش دەداتە ئێران کە نایەوێت سیناریۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی پێشوو دووبارە ببێتەوە.
رۆژی سێشەممە 3ی شوباتی 2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە کۆشکی سپی، سەبارەت بە پەیوەندییەکان و هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی نوێ لەگەڵ ئێران رایگەیاند، "بەڵێ، خەریکی گفتوگۆن و حەز دەکەن کارێک بکەن، دەشبینین ئایا شتێک دەکرێت یان نا."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر دەرفەت بۆ رێککەوتن هەبوو، بەڵام لایەنی بەرامبەر سوودی لێ وەرنەگرت و گوتی، "ماوەیەک لەمەوبەر دەرفەتی ئەوەیان هەبوو شتێک بکەن، بەڵام سەرینەگرت و ئێمەش ئۆپەراسیۆنی (چەکووشی نیوەشەو)مان ئەنجامدا."
"چەکوشی نیوەشەو" بریتییە لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا ئەمریکا کردیە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران.
ترەمپ پێیوایە ئێران نایەوێت سیناریۆی مانگی حوزەیران دووبارە ببێتەوە و دەڵێت، "پێناچێت بیانەوێ ئەو کارە (ئۆپەراسیۆنی سەربازی) دووبارە ببێتەوە، بەڵام ئێستا دانوستاندنیان دەوێ و ئێمەش لەگەڵیان لە گفتوگۆداین."
سەبارەت بە شوێنی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکان و ئەگەری گۆڕینی شوێنەکەی، سەرۆکی ئەمریکا ئامادە نەبوو زانیاریی ورد ئاشکرا بکات و تەنیا بەوە کۆتایی بە قسەکانی هێنا، "ناتوانم ئەوەت پێ بڵێم. لە راستیدا زیاتر لە کۆبوونەوەیەک هەیە."
چەند کاژێرێک پێش قسەکانی ترەمپ، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، فڕۆکەیەکی تارمایی جەنگیی جۆری F-35C درۆنێکی ئێرانی لە ئاسمانی دەریای عەرەب خستووەتە خوارەوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا رێگرییان لە هەوڵێکی ئێران کردووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی گواستنەوەی نەوت لە گەرووی هورمز.
سەرەڕای ئەم دۆخە، کۆشکی سپی دەڵێ، دیپلۆماسییەت رانەگیراوە. کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند: "گفتوگۆی نێوان بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران لە کاتی خۆیدا دەکرێت.
بڕیار بوو رۆژی هەینی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تورکیا کۆببنەوە، بەڵام میدیای ئەمریکا دەڵێ، شوێنی کۆبوونەوەکە بۆ عومان گۆڕدراوە.