مارکۆ روبیۆ: لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئێران دەبێت پرسی مووشەکە بالیستییەکان تاوتوێ بکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئامادەن لەگەڵ لایەنی ئێرانی کۆببنەوە، بەڵام دەبێت تێیدا گفتوگۆ لەسەر پڕۆگرامە ئەتۆمی و مووشەکییەکەی بکرێت. 
 
رۆژی چوارشەممە، 4ی شوباتی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی رۆژنامەڤاناندا لە واشنتن سەبارەت بە کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران رایگەیاند، "ئەگەر ئێرانییەکان کۆبوونەوەیان دەوێت، ئامادەین". دەشڵێت، پێویستە لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر پرسی ئەتۆمی ئەو وڵاتە، پڕۆگرامی مووشەکییەکەی و گرووپەکانی نزیک لەو وڵاتە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بکرێت. 
 
ئەو گوتانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدان بڕیارە رۆژی هەینی، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆببنەوە. بە گوێرەی میدیای ئێران، کۆبوونەوەکە لە عومان دەبێت بەڵام روبیۆ دەڵێت، شوێنی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە هێشتا یەکلانەبووەتەوە. 
 
دەستپێکردنەوەی ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە دوای ئەوە دێت کە ساڵی رابردوو (نیسان بۆ حوزەیرانی 2025)، چەندین گەڕی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ لە رۆما و مەسقەت بەڕێوەچوون، بەڵام بەهۆی دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل و ئێران و هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، پرۆسەکە شکستی هێنا.
 
کۆبوونەوەکەی بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران لە کاتێکدایە مانگی رابردوو گرژییەکانی نێوان هەردوولا زیاتر بوون. ئەمە دوای ئەوەی ئەمریکا هێزێکی زۆری بەرەو سنوورەکانی ئێران جوڵاند و ئەوانیش دەستیان بە ئامادەکاری وەڵامدانەوە کرد. 
 
زیادبوونی گرژییەکان دوای دروستبوونی خۆپێشاندانەکان بوو لە ئێران کە رۆژی 28ی کانوونی یەکەمی رابردوو دەستیان پێکرد. بە گوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەو خۆپێشاندانانەدا هەزاران کەس کوژران. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە لە ئەگەری بەردەوام بوونی کوشتنی خۆپێشاندەراندا ئەوا هێرش دەکەنە سەر ئەو وڵاتە.