گوتەبێژی کۆشکی سپی: ئیسرائیل سەرۆک ترەمپی رانەکێشاوەتە نێو جەنگ
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مەبەستی ئەوە نەبووە، ئیسرائیل ترەمپی راکێشابێتە نێو جەنگ.
رۆژی دووشەممە 02-03-2026 مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "دەمانزانی ئیسرائیل شتێک دەکات و دەمانزانی ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران هێرش بکاتە سەر هێزەکانی ئەمریکا، بۆیە پێشوەختە ئێمە هێرشمان کرد." ئەم قسەیە وای پیشان دا کە ئەمریکا ناچار بووە بچێتە نێو جەنگەکە.
رۆژی چوارشەممە 04-03-2026 کارۆلین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، "نەخێر، مارکۆ روبیۆ بانگەشەی ئەوەی نەکردووە کە ئیسرائیل سەرۆک ترەمپی راکێشابێتە ناو جەنگی ئێرانەوە."
دۆناڵد ترەمپ خۆی لە کۆبوونەوەیەکی کۆشکی سپیدا لەگەڵ فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا گوتی، "بەپێی ئەو شێوازەی دانوستاندنەکان دەچوون، پێموابوو ئێران سەرەتا هێرش دەکات، منیش نامەویست ئەوە رووبدات. رەنگە من دەستم خستبێتە سەر شانی ئیسرائیل (ناچارم کردبێت)."
خودی روبیۆش دوای کۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس هەوڵیدا لێدوانەکەی پێشووی نەرم بکاتەوە و گوتی، "نەخێر، پێشتر گوتم ئەم کارە دەبووایە بکرێت. سەرۆک بڕیارەکەی دا، چونکە رێگەی نەدەدا ئێران لە پشت توانای هێرشکردنەوە خۆی بشارێتەوە."
رەخنەگران ترەمپ تۆمەتبار دەکەن بەوەی بەبێ پلانێکی روون و بەبێ ئاگادارکردنەوەی کۆنگرێس، وڵاتەکەی خستووەتە ناو جەنگێکەوە کە نازانرێت چۆن کۆتایی دێت. تەنیا دوو هەفتە بەرلە هێرشەکان، بنیامین نەتەنیاهوو بۆ جاری حەوتەم لە واشنتن لەگەڵ ترەمپ کۆبووەوە و داوای هەڵوێستی تووندی کردبوو.