سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا داوای راگرتنی هێرشەکانی سەر ئێران دەکات: "نا بۆ شەڕ"

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا رۆژی چوارشەممە بەرگریی لە هەڵوێستی حکومەتەکەی کرد دژی ئەو جەنگەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیان پێکردووە، داوای راگرتنی شەڕ و گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسی دەکات "پێش ئەوەی درەنگ ببێت."
 
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە گوتارێکی کورتدا کە لە تەلەڤیزیۆنەوە بڵاوکرایەوە، رایگەیاند، "هەڵوێستی حکومەتی ئیسپانیا تەنیا لە سێ وشەدا کورت دەبێتەوە: نا بۆ شەڕ."
 
ئەم لێدوانانەی سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە کاتێکدا دێن، جەنگەکە چووەتە پێنجەمین رۆژیەوە. دوای هێرشەکانی سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و بەرپەرچدانەوەکانی تاران لە ناوچەی کەنداو، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لەنێو تاران دەبیسترێت.
 
هۆشداری لە تەنگژەی ئابووری
 
سانچێز ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا زووە بزانرێت ئایا ئەنجامەکانی ئەم جەنگە هاوشێوەی جەنگی عێراقی لێ دێت یان دەبێتە هۆی رووخانی دەسەڵاتی ئێران، بەڵام جەختی کردەوە، "ئەمە نابێتە هۆی دروستبوونی سیستمێکی دادپەروەرانەی جیهانی، یان باشتربوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ژینگە."
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا هۆشداریشی دا، ئێستا تەنیا دەکرێت پێشبینیی ناسەقامگیریی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز بکرێت.
 
سانچێز لە کۆتایی گوتەکانیدا گوتی، "چەندین جار گوتوومە و ئێستاش دووبارەی دەکەمەوە؛ ناتوانرێت بە کارێکی نایاسایی وەڵامی نایاسایی بدرێتەوە، چونکە کارەساتە گەورەکانی مرۆڤایەتی بەم شێوەیە دەستپێدەکەن."