وەزیری جەنگی ئەمریکا: بەمزووانە تەواوی ئاسمانی ئێران کۆنترۆڵ دەکەین

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، هێزی زیاتر دەگەنە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ پێکدادان لەگەڵ ئێران و دڵنیابوونەوە لە سەرکەوتن. دەشڵێت، بەمزوانە "کۆنترۆڵی تەواوی ئاسمانی ئێران دەکەین."

پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، "وەکو سەرۆک ترەمپ گوتی، کاتی پێویستی خۆمان وەردەگرین بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئێمە سەرکەوتوو بووین."

وەزیری جەنگی ئەمریکا لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، بەمزووانە و "لە چەند رۆژێکدا" لەگەڵ ئیسرائیل "کۆنترۆڵی تەواوی ئاسمانی ئێران دەکەین."

هێگسەس دەڵێت، لەگەڵ ئیسرائیل تازە دەستیان بە هێرشەکانیان بۆسەر ئێران کردووە و شەپۆلی دیکەی هێرش بەمزووانە ئەنجام دەدەن.

سەبارەت بەو ئەنجوومەنەی بۆ هەڵبژاردنی رێبەرێک دروستکرابوو، وەزیرەکەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە کردوویانەتە ئامانج. هەروەها پێیوایە، "هێزی دەریایی ئێران کاریگەریی نەماوە و ناتوانن هیچ بکەن."

بە گوتەی هێگسەس، توانیویانە لە هێرشەکانیاندا "سەرۆکی ئەو هێزەی پلانی تیرۆرکردنی سەرۆک ترەمپی دانابوو، بکوژن."

ئەمڕۆ لەنزیک سریلانکا کەشتییەکی ئێران نوقمی دەریا کرا. وەزیری جەنگی ئەمریکا لەوبارەیەوە قسەی کرد و گوتی، ئەمریکا لەپشت نوقمکردنی 'کەشتییەکی جەنگیی' ئێران بووە لە زەریای هیندی.

سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستپێشخەر بوون لە هێرشکردنە سەر ئێران، بەڵام هێگسەس ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە "بە نیازێکی خراپ دانوستانی کردووە" و ئامادەکاریی کردووە بۆ هێرشکردن.

وەزیری جەنگ ستایشی ئیسرائیلی کرد بەوەی "هاوبەشێکی جێگیر" و "خاوەن لێهاتووییەکی بێهاوتایە."