وەزیری جەنگی ئەمریکا: کۆنترۆڵی تەواوی ئاسمانی ئێرانمان کردووە و هێزی دەریایی ئەو وڵاتە لەنێوچووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران بەردەوامن و توانیویانە کۆنترۆڵی تەواوی هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە بکەن. سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکاش دەڵێت، هێرشە مووشەکییەکانی ئێران 86٪ و درۆنییەکان 73٪ کەمیانکردووە.
رۆژی چوارشەممە، 4ی ئاداری 2026، پیت هێگسس، وەزیری جەنگی ئەمریکا و دان کەین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا لە واشنتن دی سی کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیان کرد سەبارەت بە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی داستانئاسا" بۆ سەر ئێران.
وەزیری جەنگی ئەمریکا: دەیبەینەوە
وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، "وڵاتەکەی بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە، وێرانکەر و بێ بەزەییانە لەم ئۆپراسیۆنەدا سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت". ئاماژەی بەوە کرد، " ئەنجامەکان مێژوویین".
رۆژی 28ی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و دواتر ئەویش بە مووشەک و درۆن دەستی بە وەڵامدانەوە کرد. ئێران هێرشیکردووەتە سەر بنکە سەربازی و ناوەندە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە. هەروەها، تاران توانیویەتی بە مووشەک هێرشبکاتە سەر تەل ئەڤیڤیش.
وەزیری جەنگی ئەمریکا گوتیشی، "کاتێک هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل دێن، کە هێزێکی وێرانکەری لێهاتووە، ئەم هاوئاهەنگییە دەبێتە هۆی تێکشکاندنی تەواوەتی بۆ نەیارە ئیسلامییە تووندڕەوە ئێرانییەکانمان". وەزیر جەختی کردەوە کە ئەوان "دەستیان کردووە بە راوکردن و لەناوبردنی تواناکانی ئێران و ئەم کارە بەردەوام دەبێت".
سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش: ئامانجە سەربازییەکان بۆ پەکخستنی تواناکانی ئێرانە
سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، کە زیاتر لە 100 کاژێرە لەم هەڵمەتەدان و ئامانجە سەربازییەکان روونن؛ ئەویش "لەناوبردنی توانای ئێرانە بۆ پیشاندانی هێز لە دەرەوەی سنوورەکانی". ئاماژەی بەوە کرد کە کار دەکەن بۆ "تێکشکاندنی سیستەمی مووشەکی بالیستی، هێزی دەریایی و رێگری لە بونیادنانەوەی توانای جەنگیی ئێران".
هەروەها ناوی چوار لەو شەش سەربازە ئەمریکییەی ئاشکرا کرد کە لەم ئۆپراسیۆنەدا کوژراون و سەرەخۆشی لە خێزانەکانیان کرد.
جەگە لە کوژرانی ئەو سەربازانە، تاوەکو ئێستا فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندووە، سێ فڕۆکەی جەنگی ئەمریکاش خراونەتە خوارەوە. ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو فڕۆکانە بە هەڵە لەلایەن سیستەمی بەرگری کوێتەوە خراونەتەخوارەوە.
دابەزینی بەرچاوی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران
بەپێی ئامارەکانی سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا، تاوەکو بەیانی ئەمڕۆ "هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی ئێران 86٪ و هێرشی درۆنەکانیان 73٪ کەمیانکردووە" بەراورد بە دوو رۆژی یەکەم.
باسی لەوەش کرد کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار ئامانجیان پێکاوە و زیاتر لە 20 کەشتی دەریایی ئێران تێکشکێندراون، لەوانەش یەک ژێردەریایی. ئاماژەی بەوە کرد کە "بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 1945ەوە، ژێردەریاییەکی ئەمریکی کەشتییەکی جەنگی دوژمنی بە یەک تۆرپیدۆ ژێرئاوخستووە".
هەروەها رایگەیاند کە ئێران بە "هەڕەمەکی" 500 مووشەکی بالیستی و دوو هەزار درۆنی هاویشتووە، بەڵام هاوپەیمانەکانی وەک سعودیە، ئوردن و قەتەر رێگرییان لە ژمارەیەکیان کردووە.
کۆنترۆڵی ئاسمانی و تێکشکاندنی سەرکردایەتی ئێران
وەزیری جەنگ ئاشکرای کرد کە دوو بەهێزترین هێزی ئاسمانی جیهان (ئەمریکا و ئیسرائیل) کۆنترۆڵی تەواوی ئاسمانی ئێرانیان کردووە. گوتی: "فڕۆکەکانی بی 2، بی 52، بی 1 و درۆنەکان بە شەو و رۆژ بەسەر تاران و پایتەختی ئێراندا دەفڕن".
ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکردە باڵاکانی ئێران کوژراون یان لە پەناگەکاندا خۆیان حەشارداوە و توانای پەیوەندیکردنیان نەماوە. هەروەها رایگەیاند کە سەرکردەی ئەو یەکەیەی هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک ترەمپی دابوو، "راو نراوە و کوژراوە".
بە گوێرەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە رۆژی یەکەمی جەنگەوە زیاتر لە 49 سەرکردەی ئێرانیان کوشتووە کە دیارترینیان عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانە.
رێگری لە چەکی ئەتۆمی و پاراستنی سەربازە ئەمریکییەکان
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری جەنگ جەختی کردەوە کە ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی. گوتی کە سەرۆک ترەمپ "هەڕەشەکە بە روونی دەبینێت و بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدات". ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ پاراستنی گیانی سەربازەکان، "زیاتر لە 90٪ی هێزەکانی ئەمریکایان لە مەودای ئاگری ئێران دوور خستووەتەوە".
هەروەها دەستخۆشی لە هاوبەشیی ئیسرائیل و هاوکاریی وڵاتانی ناوچەکە کرد بۆ رێگریکردن لە هێرشەکانی ئێران.
پێش جەنگی 12 رۆژەی ئێران و ئیسرائیل لە حوزەیرانی رابردوودا، بە گوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، ئێران خاوەن سەروو 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراو بوو بە رێژەی 60٪. ئەو کات ئەمریکا هێرشیکردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فوردۆ و ئیسفەهان و نازاندرێت ئەو کات ئەو ئەتۆمەی تێدابووە یان ئەگەر تێیدا بووبێت چی بەسەردا هاتووە.
پێش دەستپێکردنی ئەم جەنگ لە شوباتی ئەمساڵ، ئێران و ئەمریکا سێ گەڕی دانوستانیان کرد بۆ رێککەوتن لەبارەی پرسی ئەتۆمی بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن.
ئاگاداری ئەوەن کە لایەنەکانی دیکە چی دەکەن
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانیەکەدا رۆژنامەڤانان ژمارەیەک پرسیاریان لە وەزیری جەنگی ئەمریکا و سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا کرد.
لەبارەی پڕچەککردنی هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، "هیچ کام لە ئامانجەکانمان لەسەر بنەمای پاڵپشتی یان پڕچەککردنی هیچ هێزێکی دیاریکراو نییە"، گوتیشی، ئاگاداری ئەوەن کە لایەنەکانی دیکە چی دەکەن.
دوێنێ میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەمریکا قسەی لەگەڵ بەشیک لە سەرکردەکانی هێزە کوردییەکانی ئێران کردووە و پڕچەککردنیشیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران یەکێک بووە لە بژاردەکان.
وەزارەتەکانی دەرەوەی چین و ئەمریکا نیگەرانی خۆیان لە جەنگەکە دەربڕیووە و داوای راگرتنی دەکەن. لەو بارەیەوە وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، "روسیا و چین فاکتەر نین لەم جەنگەدا و هیچ پەیامێکم بۆ ئەوان نییە"، چونکە کێشەی ئەمریکا تەنیا لەگەڵ ئامانجە ئەتۆمییەکانی ئێرانە.
سەبارەت بە بەکارهێنانی ژیری دەستکرد لە ئۆپەراسیۆنەکەدا وەزیری جەنگی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، لە ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا"دا چەندین سیستەمی خۆکار و درۆنی پێشکەوتوو بەکاردێنن کە تەکنەلۆژیای ژیری دەستکردیان تێدایە، بەڵام وردەکارییەکانی بە نهێنی هێشتەوە.
ئەمڕۆ حکومەتی تورکیا رایگەیاند، مووشەکێکی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە کە بەرەو ئاسمانی تورکیا دەچوو. لەوبارەیەوە هێگسس ئاماژەی بەوە کرد، ئاگاداری رووداوەکەن، بەڵام پێناچێت ئەوە ببێتە هۆی چالاککردنی "ماددەی پێنج"ی پەیمانی ناتۆ.
سەبارەت بەو لایەنە ناوخۆییانەی لە ئەمریکا رەخنە لە ئۆپەراسیۆنەکە دەگرن وەزیری جەنگ بە تووندی رەخنەی لە حەکیم جێفریس، سەرۆکی کەمینەی دیموکراتەکان گرت، بەهۆی ئەوەی گوتبووی ئەرکی ئێران بە شکست کۆتایی دێت. وەزیر گوتی ئەمە کارێکی "ناپاکی و نادروستە" کە تەنیا چوار رۆژ دوای دەستپێکی جەنگ هێرش دەکەنە سەر سوپای وڵاتەکەیان.
ئەو گوتانەی وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کاتیکدان بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لەبارەی جەنگەکە کۆببێتەوە و بڕیاریشە سبەی کۆنگرێس هەمان هەنگاو بنێت.