ترەمپ داوای 1.5 تریلیۆن دۆلار بۆ شەڕی ئێران و پڕکردنەوەی جبەخانەکان دەکات


رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە کۆنگرێسی وڵاتەکەی کرد بودجەیەکی زەبەلاحی بەرگری بە بڕی 1.5 تریلیۆن دۆلار بۆ ساڵی 2027 پەسند بکات. 
 
ترەمپ هۆکاری ئەم داواکارییە بۆ هەڵکشانی تێچووەکانی جەنگی ئێران و پابەندییە ئەمنییەکان لەسەر ئاستی جیهان دەگەڕێنێتەوە.
 
بەگوێرەی پێشنیازەکەی کۆشکی سپی، بودجەی پێنتاگۆن لە ماوەی تەنیا ساڵێکدا بە رێژەی 40% زیاد دەکرێت، کە ئەمە بە گەورەترین بازدانی بودجەی سەربازیی ئەمریکا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە دادەنرێت. واشنتن دەیەوێت لەم رێگەیەوە بەردەوامی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بدات و ئەو جبەخانانە پڕ بکاتەوە کە بەهۆی شەڕەکانەوە خەریکە بەتاڵ دەبن.
 
تێچووی شەڕی ئێران؛ رۆژانە 2 ملیار دۆلار
 
ئەم داواکارییە داراییەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران لە هەفتەی پێنجەمییەتی. میدیاکانی ئەمریکا لە زاری بەرپرسانی کۆنگرێسەوە بڵاویانکردووەتەوە، تێچووی شەڕی ئێران گەیشتووەتە نزیکەی 2 ملیار دۆلار لە رۆژێکدا، ئەمە بێجگە لە تێچووەکانی دووبارە پڕکردنەوەی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی لە داهاتوودا.
 
بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لەو بودجە زەبەلاحە، ترەمپ پێشنیازی کردووە 73 ملیار دۆلار (نزیکەی 10%) لە بودجەی سێکتەرە مەدەنییەکان ببڕدرێت. ترەمپ دەڵێت، دەبێت کۆتایی بەو بەرنامە حکومییانە بهێندرێت کە بە گوتەی ئەو "بێسوودن" و دەبێت بەرپرسیارێتییە ناوخۆییەکان بخرێنەوە ئەستۆی ویلایەتەکان.
 
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا رایگەیاندووە: "بۆ ئێمە ناگونجێت لە کاتێکدا لە شەڕداین، خەریکی دابینکردنی بودجەی دایەنگە و بیمە تەندروستییەکان بین." 
 
دیموکراتەکان: ترەمپ پارە بۆ بۆمب خەرج دەکات نەک خێزانەکان
 
دیموکراتەکان بە تووندی دژی پلانەکەی ترەمپ وەستانەوە. پاتی مۆرای، بەرپرسی بودجە لە ئەنجوومەنی پیران، ترەمپی تۆمەتبار کرد بەوەی "شەڕی بێسەروبەری دەرەکی" لە پێش پێداویستییەکانی گەلی ئەمریکا داناوە. مۆرای گوتی: "رەنگە دۆناڵد ترەمپ دڵخۆش بێت بەوەی پارەیەکی زیاتر بۆ بۆمب لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خەرج بکات وەک لەوەی بۆ خێزانە ئەمریکییەکان خەرجی بکات، بەڵام من دڵخۆش نیم."
 
قەیرانی قەرز و کورتهێنانی بودجە
 
پلانەکەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە ئەمریکا گیرۆدەی قەرزێکی گشتیی زەبەلاح بووە کە 39 تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، هەروەها کورتهێنانی ساڵانەی بودجەش نزیک دەبێتەوە لە 2 تریلیۆن دۆلار. ئەمەش وایکردووە تەنانەت بەشێک لە کۆمارییەکانیش نیگەران بن لەوەی ئەم خەرجییە نوێیە قەیرانی دارایی وڵاتەکە قووڵتر بکاتەوە.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، بەشێک لە سەرکردە کۆمارییەکان لە لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی پیران و نوێنەران، پشتگیری خۆیان بۆ پلانەکە دەربڕی و رایانگەیاند، دەبێت خەرجییە سەربازییەکانی ئەمریکا بگاتە 5%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ ئەوەی وڵاتەکە بتوانێت لە بەرامبەر هەڕەشەکاندا خۆی رابگرێت.