ئەمریکا مافی مانەوەی لە کەسوکاری قاسم سولەیمانی و لاریجانی سەندەوە و دەستگیری کردن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە بڕیاری داوە مافی مانەوەی هەمیشەیی (Green Card) لە چەند کەسایەتییەکی بیانی وەرگرێتەوە کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە.
بەپێی راگەیێندراوە فەرمییەکە، دوێنێ شەو هێزە ئەمنییەکان حەمیدە سولەیمانی ئەفشار (برازای قاسم سولەیمانی، فەرماندەی کوژراوی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران) و کچەکەیان دەستگیر کرد. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات، روبیۆ مافی مانەوەی یاسایی لێ سەندنەوە. ئێستا هەردووکیان لەلایەن دەزگای کۆچ و گومرگی ئەمریکاوە دەستبەسەرن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کردووە، حەمیدە سولەیمانی ئەفشار لە کاتێکدا لە شاری لۆس ئەنجلس ژیانێکی "شاهانە و گرانبەهای" هەبووە، لە هەمان کاتدا لەرێگەی سۆشیاڵ میدیاوە پڕوپاگەندەی بۆ رژێمی ئێران کردووە. ئەفشار تۆمەتبار کراوە بەوەی "ئاهەنگی بۆ هێرشکردنە سەر سەرباز و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گێڕاوە. ستایشی رێبەری نوێی ئێرانی کردووە. ئەمریکای وەک "شەیتانی گەورە" وەسف کردووە. پشتیوانیی بێ مەرجی بۆ سوپای پاسداران دەربڕیوە."
هەروەها رێگری لە هاوژینی ئەفشار کراوە کە هەرگیز بتوانێت بچێتە نێو خاکی ئەمریکاوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەر لەم مانگەدا روبیۆ مافی مانەوەی (فاتیمە ئەردەشێر لاریجانی) کچی عەلی لاریجانی (سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران) و هاوژینەکەی (سەید کەلانتەر موتەمەدی) هەڵوەشاندووەتەوە. هەردووکیان ئێستا خاکی ئەمریکایان جێهێشتووە و رێگرییان لێ کراوە لە داهاتوودا بگەڕێنەوە.
جەخت لەوە کراوەتەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ رێگە نادات ویلایەتە یەکگرتووەکان ببێتە "ماڵ و حەشارگە" بۆ ئەو کەسە بیانییانەی کە پشتگیری لە رژێمە تێرۆریستییە دژە-ئەمریکییەکان دەکەن. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەستخۆشی لە وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ و دەزگەی (ICE) کرد بۆ هاوکارییەکانیان لە پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیانی ئەمریکی.