پارێزەرێک ناردنەوەی 80٪ی پەنابەرانی سووریایی بە مەحاڵ دەزانێت؛ "بانگەشەی سیاسییە"
رووداو دیجیتاڵ
لەکاتی سەردانی ئەحمەد شەرعی سەرۆکی کاتی سووریا بۆ ئەڵمانیا، فرێدریش مێرتزی راوێژکاری ئەڵمانیا باسی لە گەڕاندنەوەی 80%ی کۆچبەرانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان کردووە و مشتومڕێکی گەورەی لە ئەڵمانیا ناوەتەوە. ئەحمەد شەرع کە لێدوانەکەی دراوەتەپاڵ دواتر لە بەریتانیا رەتیکردەوە قسەی لەو شێوەیەی کردبێت و جەختی کردەوە کە گەڕانەوەی بەکۆمەڵی هاووڵاتییانی سووریا تەنیا لە حاڵەتی باشبوونی دۆخی ژیان و دروستکردنی هەلی کاردا دەکرێت، نەک بە زۆر ناردنەوە.
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی هەرێمی نۆردڕاین ڤێستفالن لەوپارەیەوە لە وەڵامی پرسیاری هاوکارمان زنار شینۆ ڕایگەیاند کە ئەڵمانیا پێویستییەکی زۆری بە هێزی کار و شارەزا هەیە و ئەو کۆچبەرانە بوونەتە پێویستییەکی حەتمی بۆ وڵاتەکە. وەک نموونە، باسی لە پزیشکە سوورییەکان کرد کە ئێستا لە ئەڵمانیا کار دەکەن و بە باشی لەگەڵ کۆمەڵگەدا تێکەڵابوون.
بەپێی ئامارەکان، لە کۆی 930,112 هاووڵاتیی سووری لە ئەڵمانیا، 246,355 کەسیان ڕەگەزنامەی ئەڵمانییان وەرگرتووە و ناتوانرێت دیپۆرت بکرێنەوە. لەکاتێکدا کەیسی 560,000 کەس لەژێر پێداچوونەوەدایە، تەنیا 900 کەس بێ مۆڵەتی مانەوەن و دەکرێت بنێردرێنەوە. هەروەها، 48%ی سوورییەکان لە بازاڕی کاری ئەڵمانیادا کار دەکەن. ئەم ژمارانە واقیعیبوونی پێشنیازی گەڕاندنەوەی 80%ی کۆچبەران لە ماوەی 3 ساڵدا دەخەنە ژێر پرسیارەوە.
جەلال ئەمین، پارێزەر و شارەزای کاروباری پەنابەران لە بەرلین، بە دیاسپۆرای ڕایگەیاند کە جێبەجێکردنی بڕیاری ناردنەوەی پەنابەرانی سووری لە ئەڵمانیا کارێکی زۆر گرانە. بە گوتەی ئەمین، یاسای مانەوەو دەستووری ئەڵمانیا مافی پەنابەران دەپارێزن. ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوە کرد کە یاسا ڕێگە دەدات ئەو کەسانەی بۆ ماوەی 5 ساڵ کار دەکەن و باج دەدەن، مافی مانەوە بەدەستبهێنن.
جەلال ئەمین جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە گفتوگۆکانی ئێستا دەربارەی دەرکردنی پەنابەران زیاتر بانگەشەی هەڵبژاردنن بۆ ڕازیکردنی دەنگدەران، ڕوونیکردەوە کە ناردنەوە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تاوانی گەورەیان ئەنجامداوە و سزای دادگایان هەیە، کە ڕێژەیەکی زۆر کەمن.
ئەمین دووپاتی کردەوە کە دەرکردنی ئەو کەسانەی کار ناکەن یان خێزانن و منداڵیان لە قوتابخانەیە، بەهۆی ئاڵۆزیی یاساکانی پاراستنی خێزان و منداڵانەوە، کارێکی نزیک لە مەحاڵە.