لە بەریتانیا بە تۆمەتی 'تیرۆر' چوار هاووڵاتیی ئێرانی دەستگیر کران
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی بەریتانیا رایگەیاند، پێنج کەسیان بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر کردووە کە چواریان ئێرانین، بەڵام ناسنامەی کەسی پێنجەمی ئاشکرا نەکردووە.
رۆژی شەممە، سیی ئایاری 2025، پۆلیسی بەریتانیا رایگەیاند، پێنج کەسیان بە گومانی "ئامادەکاری بۆ کردەوەی تیرۆریستی" لە شوێنە گشتییەکانی بەریتانیا، دەستگیر کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، گومانلێکراوەکان لە شارەکانی لەندەن، سویندن و مانچستەر دەستگیر کراون.
پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە، دەستگیرکراوەکان تەمەنیان لەنێوان 29 بۆ 46 ساڵیدایە، ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان.
دۆمینیک مۆرفی، سەرۆکی بەشی دژەتیرۆری پۆلیسی بەریتانیا رایگەیاند "ئەمە لێکۆڵینەوەیەکی خێرایە و ئێمە بە چڕی لەگەڵ لایەنەکانی پەیوەندیدار لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی لە نوێترین زانیاری ئاگاداریان بکەینەوە".
ئەو بەرپرسەی پۆلیسی بەریتانیا راشیگەیاند، "لێکۆڵینەوەکان هێشتا لە قۆناخی سەرەتاییدان و ئێمە بەدوای چەندین رێگەی دیکەدا دەگەڕێین بۆ دۆزینەوەی هەر هۆکارێک لەبارەی ئەو گرووپە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ دەستنیشانکردنی ئەوەی کە ئایا هیچ مەترسییەکی زیاتر لەسەر خەڵک هەیە کە پەیوەندی بەم بابەتەوە هەبێت".
سەرۆکی بەشی دژەتیرۆری پۆلیسی بەریتانیا داوای لە هاووڵاتییانی بەریتانیا کرد، چاوکراوە بن و ئەگەر شتێکیان بینی یان گوێیان لە هەر شتێکی گوماناوی بوو، خێرا پۆلیس ئاگادار بکەنەوە.