پۆلیسی پاکستان: گرووپێکی چەکدار پێنج پۆلیسیان رفاند

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسێکی پۆلیسی پاکستان رایگەیاند، شەوی هەینی گرووپێکی چەکدار رێگەیان بە ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس گرتووە کە ژمارەیەک زیندانییان دەگواستەوە. دەشڵێت، چەکدارەکان زیندانیەکانیان ئازادکرد و پێنج پۆلیسیشیان رفاند. 
 
رۆژی یەکشەممە، 4ی ئایاری 2025، بەرپرسێکی پۆلیسی هەرێمی بەلوچستان رایگەیاند، شەوی هەینی گرووپێکی چەکدار کە 30 بۆ 40 کەس دەبوون لە سەر رێگەیەکی خێرای ناوچەکەیان هێرشیانکردە سەر ئۆتۆمبێلێک کە ژمارەیەک زیندانی دەگواستنەوە. 
 
تاوەکو ئێستا هیچ گرووپێکی چەکداری بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە. 
 
بەلوچستان هەرێمێکە لە باشووری رۆژئاوای پاکستان و هاوسنووری ئەفغانستانە. ئەو ناوچەیە بە شوێنی گرووپە چەکدارەکان ناسراوە. هەروەها، ناوچەیەکی دەوڵەمەندیشە بە سەرچاوە سروشتییەکان. 
 
دەشڵێت، چەکدارەکان "زیندانیەکانیان ئازادکرد و پێنج پۆلیسیشیان رفاند". گوتیشی، دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێک دژی ئەو چەکدارانە و رزگارکردنی پۆلیسەکان کردووە. 
 
بە گوێرەی ئەو بەرپرسەی پۆلیسی پاکستان، چەکدارەکان باڵەخانەیەکی حکومەت و بانکێکیشیان لەو ناوچەیەدا سووتاندووە، بەڵام لەو هەوڵەدا هێزە ئەمنیەکان دوو لە ئەندامانی گرووپە چەکدارەکەیان کوشت. 
ناوە ناوە گرووپە چەکدارەکان لە بەلوچستان هێرشدەکەنە سەر هاووڵاتییانی سڤیل و کارمەندانی حکومەت. 
 
11ی ئاداری 2025 محەممەد کەشیف، بەرپرسی باڵا لە هێڵی شەمەندەفەری پاکستان رایگەیاند، لە ناوچەی سبی لە هەرێمی بەلووچستان ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردە سەر شەمەندەفەرێک. دەشڵێت، "450 کەسیان لەنێو شەمەندەفەرێکدا بە بارمتە گرت."
 
سوپای ئازادی بەلووچ رێکخراوێکی چەکداری پاکستانین. ساڵی 2000 دامەزراوە و ئامانجیان سەربەخۆیی هەرێمی بەلووچە. بەگوێرەی ئاماری نافەرمی، رێکخراوەکە نزیکەی 6000 چەکداری هەیە.
 
رۆژی 21-11-2024 بەرپرسێکی ناوچەی کوڕەم لە باکووری رۆژئاوای پاکستان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، لە دوو هێرشدا بۆ سەر ژمارەیەک هاووڵاتیی ناوچەکە زیاتر لە 38 کەس کوژران و 11ی دیکەش بریندار بوون.