ترەمپ رەتیدەکاتەوە خۆی بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی بەربژێر بکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا گومانی لەبارەی رێککەوتنی رووسیا و ئۆکراینا لەسەر ئاگربەست هەیە و دەڵێت، هەرچەندە شتی ئەرێنیش روودەدەن، بەڵام دەکرێت "رێککەوتنەکە نەکرێت." لەبارەی دووبارە خۆبەربژێرکردنەوەشی دەڵێت، پلانی ئەوەی نییە جارێکی دیکە رکابەرێتی بکاتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 05-04-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی، پرسیاری دۆخی رێککەوتنی نێوان ئۆکراینا و رووسیای لێکرا لەسەر ئاگربەست و گوتی: "نامەوێ بڵێم کامەیان، بەڵام لەگەڵ لایەنێک نزیکین و لەگەڵ لایەنەکەی دیکە زۆر نزیک نین لە رێککەوتن."
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "هەموو هەفتەیەک پێنج هەزار سەرباز [لە هەردوولا] دەکوژرێن. ئەوان سەربازی ئەمریکی نین، بەڵام من دەمەوێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکەم. ئەگەر من بتوانم گیانی پێنج هەزار کەس رزگاربکەم، ئەوەم زۆر بەلاوە خۆش دەبێت."
لە ئەگەری رێکنەکەوتنی کیێڤ و مۆسکۆ، ترەمپ گوتی: "کاتێک دادێت کە دەڵێم، تەواو ئێمە دەکشێینەوە ئێوەش لە گەمژایەتیی خۆتان بەردەوام بن. هەندێجار لەو کاتە زۆر نزیک دەبمەوە، بەڵام شتی ئەرێنی روودەدەن؛ دەکرێت ئەو رێککەوتنە رێی تێنەچێت و نەکرێت."
ترەمپ لەبارەی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوتی: "رقێکی زۆر لەنێوان ئەو دوو پیاوە و سەربازەکانیاندا هەیە، ئەوان سێ ساڵە شەڕ دەکەن."
ترەمپ گوتی: "بایدن 350 ملیار دۆلاری بە ئۆکراینا داوە و ناشزانێت ئەو پارەیە چی لێهاتووە و لەکوێیە؟ ئەمە جەنگی بایدنە، ئەگەر من سەرۆک بوومایە ئەو جەنگە هەرگیز رووی نەدەدا."
خولی سێیەمی سەرۆکایەتی
لە هەڤپەیڤینەکە پرسیاری لێکرا، "رێکخراوی ترەمپ جۆرە کڵاوێک دەفرۆشێت کە لەسەر نووسراوە (ترەمپ 2028) ئایا بە جیدی بیر لە خولی سێیەم دەکەیتەوە؟"
ترەمپ لە وەڵامدا گوتی: "چەندین کەس دەیانەوێت وابکەم، بەڵام پلانی ئەوەم نییە خۆم بەربژێر بکەمەوە، پلانی ئەوەم هەیە چوار ساڵی مەزن بەڕێبکەم و سەرۆکایەتییەکە رادەستی کەسێکی مەزنی کۆماری بکەم، کۆمارییەک کە بتوانێت بەردەوام بێت. پێموایە چوار ساڵ بەشی ئەوەندە دەکات کاری مەزن و ناوازە بکەیت."
ترەمپ لە 2017-2021 بۆ یەکەمجار بووە سەرۆک و 20-01-2025 بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی دووبارە گەڕایەوە کۆشکی سپی. دەستووری ئەمریکا رێگە نادات هیچ سەرۆکێک لە دوو خول زیاتر خزمەت بکات.
هەمواری ئەم یاسایەی دەستووری ئەمریکا لەبارەی دوو خولی سەرۆکایەتی لە ساڵی 1974 کراوە. ئەمەش دوای ئەوەی فرانکلین رۆزڤێڵت لە سەرەتای دەستپێکردنی خولی چوارەمی سەرۆکایەتییەکەی، گیانی لەدەستدا.
ئێستا، گۆڕینی ئەم یاسایە زۆر قورسە. بۆ هەمووارکردنەوەی دەستوور، پێویستە دوو لەسەر سێی هەردوو ئەنجوومەنی کۆنگرێسی ئەمریکا واتا پیران و نوێنەران، رازی ببن؛ ئینجا دوو لەسەر سێی ویلایەتەکانی ئەمریکاش دەنگی لەسەر بدەن.
ترەمپ گوتی، بزووتنەوەی (دووبارە ئەمریکا مەزن دەکەینەوە) ناسراو بە MAGA، "گەورەترین بزووتنەوەی سیاسییە لە مێژوودا کە من دروستم کردووە. من دەتوانم ناوی 20 کەسایەتیی کۆماری بژمێرم کە دەتوانن لەدوای من درێژە بەو بزووتنەوەیە بەهێزە بدەن؛ بۆ نموونە مارکۆ روبیۆ [وەزیری دەرەوەی ئەمریکا] و جەی دی ڤانس [جێگری سەرۆکی ئەمریکا]. لەکاتێکدا، ناتوانم ناوی یەک کەسی نێو پارتی دیموکراتت پێبدەم کە ئەو کارە بکات."
پێناسە گومرکییەکان
دوای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ بڕیاریدا پێناسی گومرگی بەسەر هەموو وڵاتانی جیهاندا بسەپێنێت و بەشێکی وڵاتانیش هەڕەشەی وەڵامدانەوەیان کرد، لە نێو ئەمریکا ترسی ئەوە بڵاوبوویەوە کە ئابووریی ئەمریکا پاشەکشە دەکات.
ترەمپ لەسەر ئەو پاشەکشەیە پرسیاری لێکرا و گوتی: "هەندێک کەسی شارەزا دەڵێن، ئەمە دەبێتە گەورەترین بردنەوە بۆ ئابووریی ئەمریکا."
پرسیار لە ترەمپ کرا ئایا ئاساییە تاوەکو دەگەیتە ئامانجە درێژخایەنەکان، ئابووریی ئەمریکا بۆ ماوەیەکی کورتخایەن پاشەکشە بکات؟ ترەمپ گوتی: "بەڵێ، هەموو شتێک ئاساییە، ئێمە لە قۆناخی راگوزەرداین و پێموایە کارێکی مەزنمان پێدەکرێت."