بۆچی خوێندن بە زمانی دایک پێویستییەکی سەرەکییە؟ نەتەوە یەکگرتووەکان چ دەڵێ؟


رووداو دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ، خوێندن بە زمانی دایک هۆکارێکی سەرەکییە بۆ گشتگیری و فێربوونی ئاستبەرز؛ هەروەها دەبێتە هۆی باشترکردنی ئەنجامەکانی فێربوون و ئاستی زانستیی قوتابییان. ئەمە بەتایبەتی لە قۆناخی بنەڕەتیدا زۆر گرنگە بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی کەلێنی زانیاری و زیادکردنی خێرایی فێربوون و تێگەیشتن. 
 
لەوەش گرنگتر، پەروەردەی فرەزمان لەسەر بنەمای زمانی دایک، توانای تەواو دەداتە فێرخوازان بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کارا بەشداری لە کۆمەڵگەدا بکەن. ئەم جۆرە خوێندنە لێکتێگەیشتنی دوولایەنە و رێزگرتن لە یەکدی پتەوتر دەکات و یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی ئەو میراتە کولتووری و کەلەپوورییە دەوڵەمەندەی لە ناو هەموو زمانەکانی جیهاندا هەیە.
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرەڕای ئەمانە، هێشتا رێگەیەکی درێژ ماوە بۆ دەستەبەرکردنی مافی هەموو فێرخوازێک بۆ خوێندن بە زمانی دایک. لە زۆربەی وڵاتان، زۆرینەی قوتابییان بە زمانێک دەخوێنن کە زمانی دایکیان نییە، ئەمەش توانای ئەوان بۆ فێربوونی کاریگەر کەمدەکاتەوە. 
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ساڵی 2016 بەناوی (ئەگەر تێنەگەیت، چۆن فێر دەبیت؟) بڵاوکراوەتەوە، 40%ـی دانیشتووانی جیهان دەستیان بە خوێندن بەو زمانە ناگات کە قسەی پێدەکەن یان تێی دەگەن. 
 
لە جیهاندا نزیکەی حەوت هەزار زمان هەن، بەڵام هەمەجۆریی زمانەوانی بەردەوام رووبەڕووی هەڕەشە دەبێتەوە، چونکە زمانەکان بە رێژەیەکی مەترسیدار لەناو دەچن. کاتێکیش زمانێک لەناو دەچێت، تەواوی میراتە کولتووری و رۆشنبیرییەکەشی لەگەڵ خۆی دەبات. 
 
یونسکۆ، ئاژانسە تایبەتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە، لە راپۆرتێکدا کە لە ساڵی 2022 لە 95 لاپەڕ و بەناونیشانی (لە مافەکانەوە بۆ هەنگاوی کردەیی لە ئاستی وڵاتدا) بڵاوی کردووەتەوە، هەوڵە نیشتمانییەکانی وڵاتە جیاوازەکان بۆ بەهێزکردنی هەمەجۆریی کولتووری و زمانەوانی نیشان دەدات. جگە لەوەش، هەمان ئاژانس لەم دواییانەدا (ئەتڵەسی جیهانیی زمانەکان)ـی بڵاوکردەوە، کە دەستپێشخەرییەکی بێ پێشینەیە بۆ پاراستن و بووژاندنەوە و برەودان بە هەمەجۆریی زمانەوانی و فرەزمانی لە جیهاندا.
 
راپۆرتەکەی یونسکۆ زانیاریی وردی هەوڵەکانی 81 وڵات دەخاتەڕوو. تیشک دەخاتە سەر هەوڵی وڵاتان بۆ فەراهەمکردنی خوێندن بە زمانی دایک بۆ کەمینە و نەتەوەییەکان. بۆ نموونە، لە وڵاتی سلۆڤاکیا و قوبرس یاسا رێگە دەدات کەمینەکان بە زمانی خۆیان بخوێنن. 
 
هەروەها 81%ـی وڵاتان رایانگەیاندووە، پەنابەر و کۆچبەرانیان لە نێو سیستمی خوێندنی گشتیدا جێگیر کردووە. نموونەیەکی دیکە، لە ئەڵمانیا، منداڵانی پەناخواز بێ گوێدانە رەوشی یاسایی مانەوەیان، مافی خوێندنیان هەیە.
 
یونسکۆ دەڵێ: 
 
- %86ـی وڵاتانی جیهاندا، جیاکاری لە پەروەردە بەپێی یاسا و دەستوور قەدەخە کراوە.
- تەنیا 41%ـی وڵاتان یاسایەکی روونیان هەیە کە گەرەنتیی مافی کەمینەکان بکات بۆ خوێندن بە زمانی دایک.
- کاتێک منداڵ بە زمانێکی دیکە دەخوێنێت، خێرایی تێگەیشتنی 30% بۆ 50% کەمدەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی "کەلێنی زانیاری" کە چیدیکە قەرەبوو ناکرێتەوە.
 
رەوشی خوێندن بە زمانی دایک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
 
لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پرسی خوێندن بە زمانی دایک یەکێکە لە ئاڵۆزترین تەوەرە سیاسی و پەروەردەییەکان.
 
عێراق: 

 

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە عێراق پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتننامەی ساڵی 1960 پیشانداوە. لە دوای 2003ـوە، عێراق وەک مۆدێلێکی تاڕادەیەک پێشکەوتوو لە ناوچەکەدا دەردەکەوێت کە تێیدا زمانی کوردی بە فەرمی لە دەستووردا چەسپێنراوە و وەک زمانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت؛ بەڵام راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، لە ئاستی نیشتمانیدا، هێشتا رێژەی بەشداری لە خوێندنی پێش بنەڕەتی لە عێراق تەنیا 11%یە، کە ئەمەش کاریگەریی دەبێت لەسەر ئامادەکردنی منداڵانی کەمینەکان بۆ قۆناخی قوتابخانە.
 
ئێران: 

 

سەرەڕای ئەوەی ئێران ئەندامی یونسکۆیە، بەڵام راپۆرتەکە دەڵێ، وڵاتانی گرووپ-4 (کە ئێرانی تێدایە) هێشتا بەربەستی گەورەیان لەبەردەم گشتگیریی پەروەردەدا هەیە. لە ئێران خوێندن تەنیا بە زمانی فارسییە، ئەمەش وایکردووە ملیۆنان منداڵی کورد، بەلووچ، ئازەری و عەرەب لە ساڵانی یەکەمی خوێندندا رووبەڕووی شۆکی زمانەوانی ببنەوە، کە یونسکۆ بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی "وازهێنان لە خوێندن" رایگەیاندووە.
 
تورکیا: 

 

راپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە تورکیا هەوڵی داوە لەرێگەی دابینکردنی کتێبی بێبەرامبەر بۆ 32 ملیۆن قوتابی، کێشەی دارایی چارەسەر بکات، بەڵام لە رووی زمانی دایکەوە، هێشتا بەربەستە یاساییەکان رێگرن لەوەی زمانی کوردی ببێتە زمانی سەرەکیی خوێندن، ئەمەش بەپێی پێوەرەکانی یونسکۆ بە جۆرێک لە "جیاکاریی ناڕاستەوخۆ" هەژمار دەکرێت.
 
سووریا: 

 

بەهۆی جەنگ و ناسەقامگیرییەوە، سووریا نەیتوانیوە دەیەمین راپۆرت پێشکێش بە یونسکۆ بکات، بەڵام بەپێی چاودێرەکان، تەنیا لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی کوردی (رۆژئاوای کوردستان)ـدان خوێندن بە زمانی دایک پەیڕەو دەکرێت، لە کاتێکدا لە ناوچەکانی دیکە هێشتا زمانی عەرەبی تاکە زمانی فەرمییە.
 
رێککەوتننامەی ساڵی 1960 چییە؟
 
رێککەوتننامەی (دژە جیاکاری لە بواری پەروەردە) کە لە 14ـی کانوونی یەکەمی 1960 لەلایەن رێکخراوی یونسکۆوە پەسندکرا، بە یەکەمین و گرنگترین بەڵگەنامەی نێودەوڵەتیی پابەندکەر دادەنرێت کە بە تەواوی بۆ پاراستنی مافی خوێندن تەرخان کراوە. 
 
ئامانجی سەرەکیی ئەم رێککەوتننامەیە بنبڕکردنی هەر جۆرە جیاکارییەکە لە سیستمە پەروەردەییەکاندا لەسەر بنەمای رەگەز، رەنگ، زمان، ئایین، یان رەچەڵەکی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی. 
یەکێک لە خاڵە هەرە درەوشاوەکانی ئەم بەڵگەنامەیە لە مادەی پێنجەمدا جێگیر کراوە، کە تێیدا بە راشکاوی دانی بە مافی کەمینە نەتەوەییەکاندا ناوە بۆ چالاکییە پەروەردەییەکانی خۆیان و "بەکارهێنان یان گوتنەوەی وانە بە زمانی دایکی خۆیان،" بەو مەرجەی ئاستی زانستیی ناوەندەکانیان لە پێوەرە گشتییەکانی دەوڵەت کەمتر نەبێت. 
ئەم رێککەوتننامەیە تاوەکو ئەمڕۆش وەک بنەمایەکی یاسایی بەهێز لەلایەن پارێزەرانی مافی مرۆڤەوە بۆ داکۆکیکردن لە خوێندن بە زمانی دایک بەکاردەهێندرێت.
 
بەپێی پێوەرەکانی یونسکۆ، لەم راپۆرتەدا ئەوەی لە ئێران و تورکیا روودەدات (بێبەشکردنی کورد لە خوێندن بە زمانی دایک) پێشێلکارییەکی روونی رێککەوتننامەی 1960ـە. مادەی 5ـی رێککەوتننامەکە بەڕوونی دەڵێ: "دەبێت رێگە بە کەمینەکان بدرێت ناوەندی خوێندنی خۆیان هەبێت و بە زمانی خۆیان بخوێنن."
 
مۆدێلە سەرکەوتووەکانی جیهان
 
راپۆرتەکەی یونسکۆ چەند مۆدێلێکی وەک نموونەی سەرکەوتوو هێناوەتەوە کە دەکرێت وڵاتانی ناوچەکە سوودی لێ ببینن:
 
1. سلۆڤاکیا: لە دەستوورەکەیدا (مادەی 34) بە روونی هاتووە، "کەمینەکان مافی تەواویان هەیە بۆ خوێندن بە زمانی خۆیان."
 
2. گواتیمالا: توانیویەتی خوێندنی دووزمانە (Bilingual) بۆ 22 زمانی جیاواز پەیڕەو بکات و زیاتر لە 10 هەزار مامۆستا بۆ ئەم مەبەستە رابهێنێت.
 
3. نیوزیلاند: لەرێگەی سیستمی (Kura Kaupapa Māori) ـەوە، زمانی رەسەنی وڵاتەکەی کە زمانی ماورییە، پاراستووە و قوتابخانەی تایبەتی بۆ داناون کە تەنیا بەو زمانە دەخوێنن.
 
4. مەکسیک: حکومەت کتێبی خوێندنی بە 64 زمانی رەسەن چاپ کردووە تاوەکو هیچ منداڵێک بەهۆی زمانەکەیەوە لە خوێندن دانەبڕێت.
 
یونسکۆ دووبارە نووسیویەتی، خوێندن بە زمانی دایک "هەتوانێکی جادوییە" بۆ سەرکەوتنی قوتابی. راپۆرتەکە داوا لە وڵاتان دەکات، چیدیکە زمان وەک ئامرازێکی سیاسی بەکارنەهێنن و رێز لە "مافی مرۆڤ بۆ فێربوون" بگرن. وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "کاتێک زمانێک لەناو دەچێت، تەواوی میراتە کولتووری و رۆشنبیرییەکەشی لەگەڵ خۆی دەبات."
 
پەیامی یونسکۆ روونە: یەکپارچەیی وڵات لە یەکدەستیی زماندا نییە، بەڵکو لە "هاوئاهەنگیی هەمەجۆرییەکان"دایە.
 
لە پێشەکیی راپۆرتەکەدا (لاپەڕە 8) ئاماژە بەوە کراوە، "هەمەجۆریی زمانەوانی بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەی ئاشتیخواز و بەردەوام گرنگە." یونسکۆ پێی وایە ئەو وڵاتانەی وەک ئێران و تورکیا کە فرەنەتەوەن، "هاوئاهەنگی [هارمۆنی]"ـی لە نێوان زمانەکاندا هێزێکی زیاتریان پێ دەبەخشێت وەک لە "سەپاندنی یەک زمان،" چونکە سەپاندنی زمان دەبێتە هۆی "دابڕانی زانیاری" و شکستی زانستیی نەوەکان.
 
یونسکۆ لە (لاپەڕە 31) دەڵێ: "خوێندنی گشتگیر بنەمایەکە بۆ رێزگرتن لە جیاوازییەکان." پەیامی رێکخراوەکە ئەوەیە، ئەگەر دەوڵەتێک بیەوێت سەقامگیر بێت، دەبێت هەموو پێکهاتەکان هەست بە "قبووڵکراوی" بکەن. بێبەشکردنی نەتەوەیەک لە زمانی دایکی، دەبێتە هۆی "پەراوێزخستن" پەراوێزخستنیش گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر یەکپارچەیی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی.