سێنتکۆم وردەکاریی ئۆپەراسیۆنی پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە هورمز ئاشکرا دەکات


رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکدا بەناوی (پڕۆژەی ئازادی) کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە راگەیێندراوە، پشتیوانی ئەو کەشتییە بازرگانییانە دەکەن کە دەیانەوێت بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕن.
 
سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، رۆژی 4ی ئایار دەستدەکەن بە پشتگیریکردنی پڕۆژەی ئازادی، بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئازادیی هاتووچۆی دەریایی بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم، پرۆسەی پاراستنی کەشتییەکان چەندین کەرەستەی سەربازیی پێشکەوتوو لەخۆدەگرێت، لەوانە: کەشتی تێکشکێنەری مووشەک، زیاتر لە 100 فڕۆکە، سەکۆیەکی درۆن و 15 هەزار سەرباز.
 
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم لەو بارەیەوە رایگەیاند: "پشتیوانیمان بۆ ئەم ئەرکە بەرگرییە، کارێکی بنەڕەتییە بۆ ئاسایشی ناوچەکە و ئابووریی جیهان، لەکاتێکدا هاوتەریب گەمارۆی دەریاییشمان پاراستووە."
 
لە لایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، رەنگە ئەم دەسپێشخەرییە نوێیە بەو مانایە نەبێت کە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی راستەوخۆ یاوەریی کەشتییە بازرگانییەکان بکەن، بەڵکو کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا لە نزیک ناوچەکە دەبن بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا رێگری لە سوپای ئێران بکەن لە بەئامانجگرتنی کەشتییەکان.
 
ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەش کردووە، هێزی دەریایی رێنوێنی دەداتە کەشتییە بازرگانییەکان لەبارەی سەلامەتترین رێڕەوە دەریاییەکان، بەتایبەت ئەو رێڕەوانەی کە لەلایەن سوپای ئێرانەوە مینڕێژ نەکراون.
 
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، رۆژی دووشەممە ئۆپەراسیۆنی "پڕۆژەی ئازادی" بۆ رزگارکردن و رێنوێنیکردنی ئەو کەشتییە بازرگانییانە دەستپێدەکات کە لە تەنگەی هورمزدا گیریان خواردووە؛ هۆشداریی ئەوەشی دا کە هەر دەستوەردانێک لەم پرۆسەیەدا بە تووندی وەڵام دەدرێتەوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتی دەریاوانی، بەهۆی جەنگی ئێرانەوە ئێستا نزیکەی 2 هەزار کەشتی لە سنوورە ئاوییەکانی تەنگەی هورمز گیریان خواردووە.