سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا: لە شەڕەکانی ئەفغانستان و عێراق پابەندی بەڵێنەکانمان بووین

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی هەمیشە پابەندی بەڵێنەکانی بووە لە نێو هاوپەیمانیی ناتۆدا، تەنانەت کاتێک بەرژەوەندییەکانیشی لە مەترسیدا نەبووە؛ دەشڵێت، ئەو رەخنانەی ئاراستەی ئەورووپا دەکرێن لەبارەی کەمتەرخەمی لە پاراستنی ئاسایش، ناڕاستن.
 
رۆژی دووشەممە، 4ی ئایاری 2026، جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵگەی سیاسیی ئەورووپی لە ئەرمینیا، وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە سەبارەت بە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەورووپا. مێلۆنی گوتی: "ئیتالیا هەمیشە هەموو ئەو بەڵێنانەی پاراستووە کە واژۆی کردون، ئێمە ئەمەمان بە تایبەتی لە ناو ناتۆدا کردووە. لە ئەفغانستان کردمان و لە عێراقیش کردمان، بۆیە ئەو شتانەی پێمانگوتراوە بە دروست نابینم."
 
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی تەنانەت لەو شوێنانەش جەنگاوە کە بەرژەوەندیی راستەوخۆی تێدا نەبووە، بەڵام بۆ پاراستنی هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ واشنتن ئەو کارەی کردووە. 
 
ئەم وەڵامەی مێلۆنی دوای ئەوە دێت کە تره‌مپ رۆژی شەممە رایگەیاندبوو هێزەکانیان لە ئەڵمانیا کەمدەکەنەوە، ئەوەش بەهۆی تووڕەیی لە فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا و سستیی وڵاتانی ئەورووپا لە بەشداریکردن لە جەنگی دژی ئێران.
 
مێلۆنی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان ئاگادارن ئەمریکا ماوەیەکە باس لە کشانەوە لە ئەورووپا دەکات، بۆیە پێویستە وڵاتانی کیشوەرەکە ئاسایشی خۆیان بەهێزتر بکەن. گوتیشی: "هیچ لایەنێک لە ناو ناتۆ بە فەرمی داوای پشتیوانی لە هاوپەیمانەکان نەکردووە بۆ ئەو بڕیارە سەربازییانەی کە داویانە."
 
ساڵی 2003 نزیکەی 50 وڵات بە سەرۆکایەتی ئەمریکا هێرشیانکردە سەر عێراق و رژێمی سەدامیان رووخاند.