تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە کەشتییەکی کۆریای باشوور لە تەنگەی هورمز روویدا
رووداو دیجیتاڵ
کۆریای باشوور دەڵێ، "تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە" لە کەشتییەکی وڵاتەکەی لە تەنگەی هورمز روویداوە. ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەو رێڕۆ ئاوییەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران پەکیکەوتووە.
وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور بڵاویکردەوە، کاژێر 20:40 بە کاتی سیئۆل (16:40 بە کاتی هەولێر)، "تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە کەشتییەک روویداوە کە لە لایەن کۆمپانیایەکی کەشتیوانیی کۆریای باشوورەوە بەڕێوەدەبرێ."
کەشتییەکە لە سنوورە ئاوییەکانی نزیک ئیمارات لە تەنگەی هورمز لەنگەری گرتبوو. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە "تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی تۆمارنەکراوە."
ئاژانسی هەواڵی (یۆنهاپ)ی کۆریای باشوور بڵاویکردەوە، سیئۆل سەرقاڵی وردبینییە لەو زانیارییە هەواڵگرییانەی باس لەوە دەکەن کە کەشتییەکە "هێرشی کراوەتەسەر."
گوتەبێژی کۆمپانیای (HMM)ـی کۆریایی بە رۆژنامەڤانانی گوت، ئاگرەکە لە ژووری بزوێنەری یەکێک لە کەشتییە بارهەڵگرەکانیان لە تەنگەی هورمز کەوتووەتەوە و لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکەی بەردەوامە.
رۆژنامەی (کۆریا هێراڵد)ی کۆریای باشوور لە زاری بەرپرسانی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، گومان دەکرێ کەشتییەکەی کۆریا "بەهۆی دەستی دەرەکییەوە" ئەو ئاگرەی لێکەوتبێتەوە.
کەشتییەکە ناوی (HMM Namu)ـیە و لە دەرەوەی سنوورەکانی (بەندەری ئوم قەیوێن) لە ئیمارات بووە کاتێک رووداوەکە روویداوە؛ 24 کارمەندی تێدایە کە شەشیان هاووڵاتیی کۆریای باشوور و 18ـیان بیانین.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت، هەر ئەمڕۆ ئێران رایگەیاند دوو مووشەکی ئاراستەی کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکا لە نزیک (دوورگەی جاسک) لە دەریای عومان کردووە، بەڵام واشنتن ئەو هەواڵەی رەتکردەوە.
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتی رابردوو دەستیپێکرد. لە 8ـی نیسانەوە ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی بە نێوەندگیریی پاکستان راگەیێندرا کە دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا درێژی کردەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێکی هەمیشەیی واژۆ نەکراوە.
لە 13ـی نیسانیشەوە، ئەمریکا گەمارۆیەکی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و هاتووچۆی کەشتییەکانی لە تەنگەی هورمز سنووردار کردووە. سوپای ئەمریکا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، دوو کەشتیی تێکشکێنەری مووشەکیی ئەمریکی چوونەتە ناو ئاوەکانی کەنداو بە مەبەستی شکاندنی گەمارۆکەی ئێران.