وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: دەمانەوێ لەبارەی کشانەوەی سەربازەکان لەگەڵ واشنتن گفتوگۆ بکەین
رووداو دیجیتاڵ
یۆهان وادیفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێ، بەرلین دەیەوێ "بچێتە نێو گفتوگۆیەکی نزیک" لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەمەش دوای بڕیاری کشانەوەی بەشێک لەو سەربازانەی ئەمریکا کە لە ئەڵمانیان.
ئەم هەڵوێستەی ئەڵمانیا دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی شەممە گوتی، بەنیازە ژمارەی سەربازانی وڵاتەکەی لە ئەڵمانیا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە، ئەمەش جیا لەو پێنج هەزار سەربازەی کە پێشتر پێنتاگۆن بڕیاری کشانەوەی دابوون.
وادیفول لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ جیۆرجۆس گیر پێتریتیس، هاوتا یۆنانییەکەی لە ئەسینا گوتی: "پێویستە بچینە نێو گفتوگۆیەکی نزیک لەگەڵ ئەمریکا بۆ ئەوەی بزانین چ بڕیارێک دراوە و چ دەرفەتێکمان لەپێشە بۆ ئەوەی کاریگەریمان هەبێت."
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بە پلانی ئەمریکییەکان کرد و گوتی: "دەبێت وەک بانگەوازێکی نوێ تەماشای ئەمە بکەین بۆ ئەوەی بە خێرایی تواناکانی خۆمان پەرە پێبدەین و بەکاریان بهێنین. هیچ رێگەیەکی دیکەمان لەپێش نییە."
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو، پێنج هەزار سەرباز لە بنکە سەربازییەکانی ئەڵمانیا دەگوازێتەوە. هاوکات، فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا رۆژی یەکشەممە وای پیشاندا، پلانی جێگیرکردنی مووشەکی کروزی (تۆماھۆک)ـی مەودا مامناوەند لە ئەڵمانیا، لانیکەم بۆ ئێستا، چیدیکە لە کارنامەی کارەکانیاندا نەماوە.
ئەمریکا 36 هەزار و 436 سەربازی لە ئەڵمانیا هەیە. وادیفول و بەرپرسانی دیکەی ئەڵمانیا لە چەند رۆژی رابردوودا هەوڵیان داوە ئەو ناکۆکییانە کەم بکەنەوە کە لە نێوان ترەمپ و مێرتس دروستبوون. پێشتر مێرتس گوتبووی "بەتەواوی دیارە ئەمریکییەکان هیچ ستراتیژییەکیان نییە" لە جەنگی ئێراندا و تاران خەریکە زلهێزی یەکەمی جیهان "سەرسام دەکات."
دۆناڵد ترەمپ کەرتی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی ئەورووپا و هەناردە گرنگەکانی ئەو کیشوەرەی کردووەتە ئامانج و رایگەیاندووە، بە نیازە "هەفتەی داهاتوو" پێناسی گومرگی لەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە یەکێتیی ئەورووپاوە هاوردەی ئەمریکا دەکرێن، بۆ 25٪ بەرز بکاتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا یەکێتیی ئەورووپای تۆمەتبار کردووە بەوەی رێزی لەو رێککەوتنە بازرگانییە نەگرتووە کە هاوینی رابردوو واژۆ کراوە، سەرەڕای ئەوەی پرۆسەی پەسندکردنی رێککەوتنەکە هێشتا لەنێو ئەو یەکێتییە 27 وڵاتییەدا تەواو نەبووە.