لە لایپزیگی ئەڵمانیا ئۆتۆمبێلێک خۆی بەنێو خەڵکدا کرد و دوو کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەڵمانیا رایانگەیاند، رۆژی دووشەممە لە شاری لایپزیگی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، ئۆتۆمبێلێک خۆی بەنێو خەڵکدا کردووە و بەهۆیەوە لانیکەم دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.
دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکە لە مەیدانێکی سەرەکییەوە بەرەو شەقامێکی نێوەڕاستی شارەکە و نزیک لە شوێنە مێژووییەکان بە خێرایی رۆیشت، پۆلیس توانی شۆفێرەکە دەستگیر بکات.
بورکارد یونگ، سەرۆکی شارەوانیی لایپزیگ گیانلەدەستدانی دوو کەسەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "ئێمە هێشتا بە وردی پاڵنەری پشت رووداوەکە نازانین و هیچ زانیارییەکمان لەبارەی تۆمەتبارەکەوە نییە."
هاوکات ئاکسێل شوو، بەڕێوەبەری تیمی ئاگرکوژێنەوەی لایپزیگ ئاماژەی بەوە کرد، لە رووداوەکەدا دوو کەس بە سەختی بریندار بوون.
پۆلیس لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، ئۆتۆمبێلەکە لە شەقامی گریمایشی بەناو خەڵکدا رۆیشتووە و دواتر لە شوێنی رووداوەکە هەڵاتووە. بەڵام دوای ماوەیەکی کەم شۆفێرەکە دەستگیرکرا و پۆلیس رایگەیاند، "هیچ مەترسییەکی دیکە لە لایەن ئەو کەسەوە نەماوە."
لە دوای رووداوەکە، ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی پۆلیس، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، کارمەندانی فریاگوزاریی پزیشکی و دوو هێلیکۆپتەر لە ناوچەکە جێگیر کران.
ئەڵمانیا لە ساڵانی دواییدا چەندین جار رووبەڕووی رووداوی پانکردنەوەی خەڵک بە ئۆتۆمبێل بووەتەوە. لە کانوونی یەکەمی 2024دا، لانیکەم شەش کەس کوژران و سەدان کەسیش بریندار بوون، کاتێک ئۆتۆمبێلێک لە شاری ماگدێبورگی رۆژهەڵاتی وڵاتەکە رۆیشتە ناو بازاڕێکی تایبەت بە یادی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسا (کریسمس)؛ پێشتریش رووداوی هاوشێوە لە شارەکانی میونشن و بەرلین روویاندابوو.