تره‌مپ: پێویستە کۆریای باشوور بەشداری پڕۆژەی ئازادی دژی ئێران بکات

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران هێرشی کردووەتە سەر کەشتیی ئەو وڵاتانەی پەیوەندییان بە جەنگەوە نییە، لەوانەش کەشتییەکی کۆریای باشوور. دەشڵێت، پێویستە سیئۆل پەیوەندی بە ئەرکی پاراستنی ئازادی کەشتیوانییەوە بکات.
 
رۆژی دووشەممە، 4ی ئایاری 2026، دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ترووس سۆشیال بڵاویکردەوە، "ئێران لە کاتی جوڵەی کەشتییەکاندا چەند هێرشێکی بۆ سەر کەشتی وڵاتانی بێلایەن کردووە"؛ دەشڵێت، "رەنگە کاتی ئەوە بێت کۆریای باشوور بێت و بچێتە ناو ئەرکەکەوە!" مەبەستی سەرۆکی ئەمریکا بەشداریکردنە لە (پڕۆژەی ئازادی) کە واشنتن بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی دەریایی لە ناوچەکەدا دەستیپێکردووە.
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماری نوێی رووبەڕووبونەوە سەربازییەکانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، "ئێمە حەوت بەلەمی بچووکمان تێکشکاندوون، یان وەک ئەوان حەز دەکەن پێی بڵێن بەلەمە 'خێراکان'. ئەوە هەموو ئەو شتەیە کە بۆیان ماوەتەوە."
 
بە گوتەی تره‌مپ، سەرەڕای هێرشەکە بۆ سەر کەشتییە کۆرییەکە، بەڵام تاوەکو ئەم ساتە هیچ زیانێکی دیکە لە کاتی تێپەڕبوون بە ناو تەنگەی هورمزدا تۆمار نەکراوە.
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، تره‌مپ رایگەیاند، پیت هێگسەس، وەزیری جەنگ و ژەنراڵ دان کەین، سوپالاساری هێزەکانی ئەمریکا، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی دەکەن بۆ خستنەڕوی وردەکاریی زیاتر لەسەر ئەم پەرەسەندنانە و ئەو گوشارانەی خراونەتە سەر کەشتیوانیی نێودەوڵەتی.
 
پڕۆژەی ئازادی بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز رۆژی یەکشەممە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ راگەیێندرا، رۆژی دووشەممە سێنتکۆم رایگەیاند دەستیان بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە کردووە و بە تەنگەی هورمزدا هاتووچۆیان کردووە.
 
ئێران رایگەیاند کەشتییەکی ئەمریکییان پێکاوە، بەڵام واشنتن رەتیکردەوە.
 
ئیمارات و کۆریای باشووریش پێکانی کەشتیەکانیان راگەیاندووە، کە ویستویانە بە تەنگەی هورمزدا بڕۆن، هێشتا زیانەکان رانەگەیێندراون. ئیمارات ئێرانی بە هێرشەکە تۆمەتبارکرد، بەڵام کۆریای باشوور دەڵێت، گوماندەکرێت دەستێکی دەرەکی بێت.