وەزارەتی دادی ئەمریکا دەڵێت، دوو چینی قارچکی ژەهراوییان بە قاچاخ بردووەتە وڵاتەکەیان

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزاەتی دادی ئەمریکا بڵاویکردەوە، دوو لێکۆڵینڤانی چینی بە قاچاخ قارچکیان بردووەتە ئەمریکا بۆئەوەی لە زانکۆیەکدا لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکەن. بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا، ئەم جۆرە قارچکە زیانی ملیاران دۆلار بە ئابووریی وڵاتەکەیان دەگەیێنێت.
 
رۆژی دووشەممە 3ی حوزەیران بەکاتی ئەمریکا و رۆژی سێشەممە 4ی حوزەیرانی 2025 بەکاتی هەولێر، نووسینگەی وەزارەتی دادی ئەمریکا بڵاویکردەوە، یونکینگ یان-ی تەمەن 33 ساڵ و زونیۆنگ لیوی تەمەن 34 ساڵ تۆمەتبارن بە قاچاخی، زانیاری پێدانی هەڵە و فێڵکردن لە وەرگرتنی ڤیزا. دەشڵێت، "یان"یان دەستگیر کردووە و ئەوەی دیکەش نازاندرێت لە کوێیە.
 
وەزارەتی دادی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، هەردوو تۆمەتبار قارچکی جۆری فوساریئم گرامینیارومیان بە قاچاخ بردووەتە ئەمریکا. دەشڵێت، ئەو جۆرە قارچکە دەبێتە هۆی نەخۆشی لە گەنم، برنج، جۆ و گەنمەشامی و لەنێوبردنی بەرهەمەکانیان.
 
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، قارچکەکە وەکو "چەکێک بۆ ئەگەری تیرۆری کشتوکاڵی" پۆلێن کراوە، ساڵانە ملیارەها دۆلار زیان بە کشتوکاڵی وڵاتەکەیان دەگەیێنێت. هەروەها، قارچکەکە دەبێتە هۆی ژەهراویبوون، تێکچوونی جگەر و نەزۆکی لە مرۆڤ و ئاژەڵاندا.
 
بە گوێرەی وەزارەتی دادی ئەمریکا، لیوی "سەرەتا درۆیکرد و پاشان دانینا بە بەقاچاخهێنانی قارچکەکە بۆ ئەمریکا بۆ ئەوەی بتوانێت لە یەکێک لە تاقیگەکانی زانکۆی میشیگن لەگەڵ هاوڕێ کوڕەکەی بەناوی 'یان' کاری لەسەر بکەن."
 
جیرۆم گۆرگن، داواکاری گشتیی ئەمریکا رایگەیاند، بە قاچاخبردنی قارچکەکە بۆ ئەمریکا پرسێکی پەیوەستە بە ئاسایشی نیشتمانییەوە و 'یان' ئەندامی پارتی کۆمیونیستی چینە.
 
هەفتەی رابردوو، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێدانی ڤیزای بە قوتابییە چینییەکان راگرت. پەکینیش ئەو هەنگاوەی بە بێ بنەما وەسفکرد.