زیاتر لە 12 هەزار کەس لە بەریتانیاوە دەچنە حەج؛ 'هەست بە دڵخۆشی و چێژێکی زۆر دەکەم'

رووداو دیجیتاڵ

خەڵکی بەریتانیا ئامادەکاری بۆ چوونە حەج دەکەن، ئەم ساڵ 12 هەزار و 348 بەریتانیانی دەچنە حەج. 
 
عەبدول مەجید، حاجییە و باس لەوە دەکات، "یەکەمجارە دەچمە حەج. زۆر تامەزرۆم و چاوەڕێی رۆیشتنم. لە ناخەوە هەست بە دڵخۆشی و چێژێکی زۆر دەکەم. خودا دەرفەتی چوونە حەج و مەککەی پێبەخشیم". 
 
ئەم ساڵ سعودیە پێشوازی لە ملیۆنێک و 372 هەزار و 482 حاجی دەکات.
 
لەنێو حاجییانی ئەم ساڵدا زۆرترینیان خەڵکی وڵاتانی ئیندۆنیزیا، پاکستان، هیندستان، بەنگلادیش، نەیجیریا و ئێرانن. 
 
بە گوتەی رێبەرەکانی حەج، بەراورد بە ساڵانی پێشوو، ئەم ساڵ ئامادەکارییەکان باشترن. 
 
ئەلحەج خان، رێبەری حەجە و لەوبارەوە ئاماژە بەوە دەکات، "مەترسی کەمتر هەیە. ئاوی خواردنەوەی زیاتر دابینکراوە، کاتی چوون بۆ پردی جەمرات دیاریکراوە. ئەوان زانیاری پێویست بە حاجییان و رێبەران دەدەن." 
 
سعودییەکان بۆ پاراستنی گیانی حاجییان، نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتنی 200 قەڕەوێڵەییان لە مینا دروستکردووە. 
 
فەهد بن عەبدولرەحمان، وەزیری تەندروستیی سعودیە لەبارەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان باس لەوە دەکات، "خزمەتگوزاری درۆنمان راگەیاندووە کە هاوکارییەکی باشی کەمکردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانمان دەکات. لەکاتی حەجدا، بەهۆی قەرەباڵخییەوە لە گواستنەوەی دەرمان و پێویستی پزیشکی تووشی ئاستەنگی دەبین". 
 
حەجی نایاسایی یەکێکە لە ئاڵەنگارییەکانی بەرپرسانی سعودیە. بە گوتەی بەرپرسانی مەککە، تاوەکو ئێستا رێگریان لە 270 هەزار کەس کردووە بە نایاسایی بەشداری بکەن.