ئاهەنگی ساڵڕۆژی سەربەخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە واشنتن بەڕێوەدەچێت

رووداو - هەولێر 

لە سەرانسەری ئەمریکا ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئاهەنگەکانی رۆژی سەربەخۆیی و ئەمڕۆ "نایابترین" ئاهەنگ لە واشنتن بەڕێوەدەچێت.

لە 2ی تەممووزی 1779دا 13 ویلایەتی ئەو کاتەی ئەمریکا سەربەخۆییان راگەیاند و رەتیانکردەوە چیدیکە لەژێر دەسەڵاتی شاهانەی بەریتانیادا بن، لە 4ـی تەممووزیشدا سەربەخۆیی راگەیێندرا. 

لە سەرتاسەری ئەمریکادا، ئامادەکاری بۆ سازکردنی ئاهەنگ بەبۆنەی رۆژی سەربەخۆییەوە دەکرێت.

لەبەردەم مۆنۆمێنتی ئەبراهام لینکۆندا لە واشنتن دی سی، نمایشێکی گەورەی سەربازی ئەنجامدەدرێت؛ سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، لەمێژوودا وێنەی نەبووە.

بەگوتەی سەرۆکی ئەمریکا، فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتوو لە ئاسمانی واشنتن نمایشی سەرنجڕاکێش ئەنجامدەدەن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ئاهەنگەکە رایگەیاند "لە واشنتن ئاهەنگێکی گەورە بەبۆنەی 4ـی تەمموز ئەنجامدەدەین، ئاهەنگەکە شتێکی تایبەت دەبێت و هیواخوازین خەڵکێکی زۆر بێن. ئەمە بۆ وڵاتە و سڵاوێکی سەربازییە بۆ ئەمریکا و منیش تێیدا بەشداردەبم و گوتەیەک پێشکەشدەکەم. باشترین فڕۆکە جەنگییەکان بەسەرمان دەسووڕێنەوە، هەندێک تانکیش لەدەرەوە جێگیردەکەین".

هاوکات بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، ئەنجامدانی نمایشی سەربازی بەو بۆنەوە پێویستی بە بڕە پارەیەکی زۆرە. 

هەرچەندە ئەنجوومەنی شارەوانی واشنتن رەتیکردەوە پارە بۆ چالاکییەکە دابینبکات، پارە لە سەرچاوەی جیاواز و فرۆشتنی تکت و هاوکاری سەرمایەدارانەوە کۆکراوەتەوە.

رۆژی سەربەخۆیی، لە ئەمریکا پشووی فەرمییە، لە زۆربەی ویلایەتەکان یاری ئاگرین بەکاردەهێندرێن، لە سەردەمی ئیدارەکەی ئۆباما لە 2009 دا زیاتر لە 22 تۆن یاری ئاگری تەقێندران، دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت بە نمایشیکردنی تانک و فرۆکەی ئێف 35، 2009ـی ئۆباما لە هزری خەڵک کاڵکاتەوە.