پەرلەمانی هۆڵەندا بۆ رووداو: دوو یاسامان لەبارەی پەنابەران هەموارکردنەوە
رووداو دیجیتاڵ
راگەیاندنی پەرلەمانی هۆڵەندا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوو یاسای پەیوەندیدار بە پەنابەرانیان لە وڵاتەکەیان پەسند کرد، کە بەشێکن لە هەوڵەکان بۆ سنووردارکردنی ژمارەی کۆچبەران.
رۆژی هەینی، 4ی تەممووزی 2025، میدیای هۆڵەندا بڵاویکردەوە، پەرلەمانی وڵاتەکەیان دوو یاسای تایبەت بە پەناخوازان و کۆچبەرانیان پەنابەرانیان پەسندکرد و پێویستی بەوەیە لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانیشەوە رەزامەندی لەسەر بدرێت بۆ ئەوەی جێبەجێبکرێت.
راگەیاندنی پەرلەمانی هۆڵەندا لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، ئیدیتۆر لە دیسکی نێودەوڵەتی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، یاسای یەکەمیان پەیوەندی بە سیستمی دوو وڵاتینامە و ئەوەی دیکەشیان پەیوەندی بە یەکگرتنەوەی خێزانەوە هەیە.
بەگوێرەی ناوەڕۆکی ئەو هەموارەی کە راگەیاندنی پەرلەمانی هۆڵەندا بۆ رووداوی ناردووە، ئەگەر هەموارەکە پەسندبکرێت ئەوا مافی مانەوەی کاتی بۆ پەناخوازان لە پێنج ساڵەوە دەکرێتە سێ ساڵ، مەرجەکانی یەکگرتنەوەی ئەندامانی خێزان قورستر دەکرێن و هەر کەسێکیش هاوکاری کۆچبەرێک یان پەناخوازێک بکات ئەوا وەکو تاوانبارێک لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
راگەیاندنی پەرلەمانی هۆڵەندا ئاماژەی بەوەشکرد، یاسای سیستمی دوو وڵاتینامە بە 95 دەنگ بەرامبەر بە 55 دەنگ پەسندکراوە و ئەوەی دیکەش 94 بەرامبەر بە 56.
پڕۆژەکە لەلایەن چوار پارتی پێکهێنەری حکومەتی هۆڵەنداوە پێشنیازکرابوو بە سەرۆکایەتی پارتی بۆ ئازادی، کە لەلایەن گریت ڤێلدەرزەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، بەڵام پارتی کریستیان دیموکراتی ئۆپۆزسیۆن بەهۆی بە تاوانبار ناساندنی ئەوانەی هاوکاری کۆچبەر و پەناخوازان دەکەن لە پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکە کشایەوە.
پارتی بۆ ئازادی پارتێکی راستڕۆی تووندڕۆی دژەکۆچبەرە.
بە گوێرەی خاچی سووری هۆڵەندی، نزیکەی 23 هەزار بۆ 58 هەزار کۆچبەر و پەناخواز لە وڵاتەکەیاندا هەن.