ئیتاڵیا 500 هەزار ڤیزای کار بۆ دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەم هەفتەیە حکومەتی ئیتاڵیا بڕیاری دا بۆ سێ ساڵی داهاتوو 500 هەزار ڤیزای کار بداتە دەستی کاری دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا. واتە ئەگەر کەسێک لە کوردستانەوە بیەوێت بۆ کار بچێتە ئیتاڵیا، ئەمە دەرفەتە.
ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا رایگەیاندووە، ئەو بڕیارە بۆیە دراوە، چونکە دەرکەوتووە ئابووریی ئیتاڵیا بۆ بەهێز مانەوەی، پێویستی بەو دەستی کارانەیە کە لە نێوەوە دەستناکەون. شتێک زیاتر لە نیوەی ئەو ڤیزای کارانەش دەدرێتە ئەوانەی بۆ وەرزێکی دیاریکراو، بۆ نموونە بۆ وەرزی رنینەوەی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان دەچنە ئیتاڵیا.
هەروەها 230 هەزار ڤیزاش لە ئیتاڵیا دەدرێتە ئەوانەی بۆ کاری دیکە یان بۆ بزنسی تایبەت بە خۆیان دەچنە ئیتاڵیا. حکومەتی ئیتاڵیا دەیەوێت لەو رێگەیەوە هانی کۆچی یاسایی و دوورکەوتنەوە لە کۆچی نایاسایی بۆ وڵاتەکەی بدات.
هەرچەندە دامەزراوەکانی پشتیوانی لە کارسازان و پیشەسازی و کشتوکاڵییەکان پێشوازییان لەو بڕیارەی حکومەت کردووە؛ بەڵام پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەڵێن، بڕیارەکان هەر لەسەر کاخەز دەمێننەوە، حکومەت میکانیزمێکی داناوە کە ئەو ڤیزای کارانە بە کردەوە نادرێنە ئەو کەسانەی داوای دەکەن یان وایان لێنایەت کەسەکە بتوانێت لە ئیتاڵیا بمێنێتەوە و بەردەوام بێت لەسەر کارکردن.