ژنێک لە ئەمریکا بەهۆی زۆر خواردنەوەی ئاو گیان لەدەستدەدات

رووداو دیجیتاڵ 

لە ویلایەتی ئیندیانای ئەمریکا ژنێک بەهۆی خواردنەوەی بڕێکی زۆری ئاو لەماوەیەکی کەمدا، جەستەی ژەهراویی دەبێت و گیان لەدەستدەدات. 
 
رۆژی هەینی، 4ـی ئابی 2023، میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە کە ئاشڵی سەمەرز، تەمەن 35، ساڵ لە ویلایەتی ئیندیانا گەیێندراوەتە نەخۆشخانەوە و دوای گەیشتنی بە نەخۆشخانە دەرکەوتووە کە بەهۆی ئەوەی لەماوەیەکی کەمدا بڕێکی زۆر ئاوی خواردووەتەوە، گیانی لەدەستداوە. 
 
دێڤۆن میلەر، کە خۆی بە برای ژنەکە ناساندووە بەمیدیای ئەمریکی گوتووە: "دەگوترێت کە ئاشڵی لەماوەی 20 خولەکدا، چوار دەبە ئاوی خواردووەتەوە کە دەکاتە نزیکەی نیو گاڵۆن [2 لیتر] ئاو."
 
هاوژینەکەی باس لەوە دەکات کە دوای ئەوەی کە ئەو بڕە ئاوە زۆرەی خواردووەتەوە، ئاشڵی هەستی بە سەرئێشە کردووە و بەخێرایی گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی ئارنێت شاری لافایت لە ویلایەتی ئیندیانا و پزیشکانی نەخۆشخانەکە پێیان راگەیاندووە کە بەهۆی "ژەهراوییبوون بە ئاو"، گیانیلەدەستداوە. 
 
بلەیک فڕۆبێر، پزیشکی ژەهراویبوون لە نەخۆشخانەی ئارنێت، گوتی: "چەندین شت وادەکەن کە ژیانی کەسێک زیاتر بکەوێتە مەترسییەوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئەو کاتە روودەدات کە ئاوێکی زۆر لە جەستەی کەسێکدا کۆدەبێتەوە و جەستەی کەسەکە سۆدیۆمی پێویستی تێدا نییە."
 
نیشانەکانی ژەهراویبوون بە ئاو، بەگوتەی پزیشکان، بریتین لە گرژبوونی ماسولکەکان، ئازاری ماسولکەکان، سکچوون و سەئێشە.