نێردەی تایبەتی ترەمپ دەچێتە مۆسکۆ
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە کە ستیڤ ویتکۆف، نێردە تایبەتەکەی سەردانی رووسیا دەکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، چەند رۆژێکی کەم ماوە ئەو وادەیە کۆتایی بێت کە ترەمپ بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر مۆسکۆدا دایناوە، لە ئەگەری نەگەیشتنی بە رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئۆکراینا.
رۆژی یەکشەممە لە شاری ئاڵنتاونی ویلایەتی پێنسلڤانیا، ترەمپ پێش ئەوەی سواری فڕۆکەی سەرۆکایەتی ببێت، بە رۆژنامەڤانانی گوت، ئەو دوو ژێردەریاییە ئەتۆمییەی دوای مشتومڕێک لەگەڵ دیمیتری مێدڤێدێڤی سەرۆکی پێشووی رووسیا جووڵەی پێکردبوون، ئێستا "گەیشتوونەتە شوێنەکانیان."
ترەمپ روونی نەکردەوە کە ئایا مەبەستی ئەو ژێردەریاییانەیە چەکی ئەتۆمیان هەڵگرتووە یان ئەوانەن کە بە وزەی ئەتۆمی کاردەکەن؛ هەروەها وردەکاریی زیاتری لەبارەی شوێنی تەواوی جێگیرکردنیان نەدا کە لەلایەن سوپای ئەمریکاوە بە نهێنی هێڵدراوەتەوە.
ئەم نمایشکردنەی هێزی ئەتۆمی لە کاتێکدایە، ترەمپ کۆتایی ئەم هەفتەیەی وەکو دوا وادە دیاری کردووە بۆئەوەی رووسیا هەنگاو بەرەو کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا بنێت، ئەگەرنا رووبەڕووی سزای نوێی نادیار دەبێتەوە.
سەرکردە کۆمارییەکە گوتی، ویتکۆف "پێم وایە [...] رۆژانی چوارشەممە یان پێنجشەممە" دەچێتە مۆسکۆ.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا پێشتر چەندین جار لە مۆسکۆ چاوی بە ویتکۆف کەوتووە، ئەوەش پێش ئەوەی هەوڵەکانی ترەمپ بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ کرێملین بە تەواوی بوەستن.
کاتێک رۆژنامەڤانان پرسیاریان کرد، پەیامی ویتکۆف بۆ مۆسکۆ چی دەبێت و ئایا هیچ شتێک هەیە رووسیا بیکات بۆ خۆلادان لە سزاكان؟ ترەمپ لە وەڵامدا گوتی، "بەڵێ، بگەنە رێککەوتنێک کە چیدیکە خەڵکی تێدا نەکوژرێت."
ترەمپ پێشتر هەڕەشەی کردووە کە رێکارە نوێیەکان لەوانەیە "باجی لاوەکی" لەخۆبگرن، کە هاوبەشە بازرگانییەکانی دیکەی رووسیا دەکاتە ئامانج، وەکو چین و هیندستان. ئەمە رووسیا دەخاتە ژێر گوشاری زیاترەوە، بەڵام مەترسیی ناسەقامگیریی گەورەی نێودەوڵەتیشی لێدەکەوێتەوە.
سەرەڕای گوشارەکانی واشنتن، رووسیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر دراوسێکەی.
پووتین رۆژی هەینی رایگەیاند کە خوازیاری ئاشتییە، بەڵام داواکارییەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە کە ماوەی نزیکەی سێ ساڵ و نیوە بەردەوامە، "وەک خۆیانن."
پووتین بە رۆژنامەڤانانی گوت، "پێویستمان بە ئاشتییەکی بەردەوام و سەقامگیرە لەسەر بنەمایەکی پتەو کە رووسیا و ئۆکرایناش رازی بکات؛ هەروەها ئاسایشی هەردوو وڵات مسۆگەر بکات."
بەڵام گوتیشی، "مەرجەکان (لەلایەنی رووسیاوە) بێگومان وەک خۆیان دەمێننەوە."
رووسیا چەندین جار داوای لە ئۆکراینا کردووە کە بە کردەیی دەستبەرداری کۆنترۆڵی ئەو چوار هەرێمە بێت کە مۆسکۆ کۆنترۆڵی کردوون؛ داواکارییەک کە کیێڤ بە قبووڵنەکراو دەیبینێت.
پووتین هەروەها دەیەوێت ئۆکراینا واز لە ویستەکانی بۆ چوونە نێو ناتۆ بهێنێت.
ئۆکراینا رۆژی یەکشەممە هێرشێکی درۆنی کردە سەر رووسیا و بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە کۆگایەکی نەوت لە شاری سۆچی.
کیێڤ رایگەیاندووە، لە وەڵامی زیادبوونی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر خاکەکەی لە هەفتەکانی رابردوودا، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هاووڵاتیی سڤیل، هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر رووسیا چڕتر دەکاتەوە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، بەرگرییە ئاسمانییەکانیان شەوی رابردوو 61 درۆنی ئۆکراینایان تێکشکاندووە.
بەڕێوەبەرایەتیی سەربازیی ئۆکراینا بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە لە پۆستێکی تەلەگرامدا رایگەیاند، کەسێک بەهۆی تۆپبارانی رووسیاوە لە هەرێمی خێرسۆنی باشوور گیانی لەدەستداوە.
ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، هەردوولا ئامادەکاری بۆ گۆڕینەوەی دیلەکان دەکەن کە لە ئەنجامیدا هەزار سەربازی ئۆکراینی دەگەڕێنەوە.