نەتەنیاهوو: هەفتەی داهاتوو پلانی نوێی جەنگی غەززە رادەگەیێنین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند کە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوەدەبات کە تایبەت دەبێت بۆ بڕیاردان لەسەر چۆنێتی بەردەوامبوون و پلانی نوێی جەنگی غەززە.
رۆژی دووشەممە، 04ی ئابی 2025، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەسەرەتای کۆبوونەوەی حکومەتەکەی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "لەم هەفتەیەدا، ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەکەمەوە، بۆ ئەوەی فەرمان بە سوپا بکەم چۆن ئەو سێ ئامانجەی جەنگ بەدەست بهێنێت، کە دیاریمان کردوون."
سێ ئامانجە سەرەکییەکەی ئیسرائیل بریتین لە "تێکشکاندنی حەماس، ئازادکردنی بارمتەکان و دڵنیابوون لەوەی کە جارێکی دیکە غەززە نابێتەوە هەڕەشە لەسەر ئیسرائیل."
لە سەرەتای کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، نەتەنیاهوو رایگەیاند، وەزیرەکان ئەم هەفتەیە کۆدەبنەوە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە چۆن سوپای ئیسرائیل ئامانجەکانی جەنگی غەززە بەدەست بهێنێت.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی: "پێویستە بەردەوام بین لەوەی یەکگرتوو بین و پێکەوە بجەنگین تاوەکو ئامانجەکانمان بەدەستبهێنین."
ئەم لێدوانانەی نەتەنیاهوو لە کاتێکدایە کە راپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کابینەکەی نەتەنیاهوو، بەسەر دوو بۆچووندا دابەش بوون و بەشێک لە وەزیرەکان لەگەڵ ئەوەدان ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکان لە غەززە فراوانتر بکەن. لە بەرامبەردا هەندێکیان لەوبڕوایەدان پێویسیە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان سنووردار بکەن بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و رێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان لەگەڵ حەماس بدەن.