شی بۆ کیم: گرنگیی کۆریای باکوور بۆ چین نەگۆڕە

 
رووداو دیجیتاڵ 

میدیای فەرمیی چین رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە، شی جینپینگ، سەرۆکی ئەو وڵاتە لە کۆبوونەوەیەکدا لە پەکین، کیم جۆنگ ئوونی دڵنیا کردووەتەوە کە گرنگی و بایەخی کۆریای باکوور بۆ چین وەک خۆی دەمێنێتەوە. 
 
کیم کە بە دەگمەن سەردانی دەرەوەی وڵاتەکەی دەکات، ئێستا لە چینە کە گرنگترین هاوپەیمانیەتی، لەوێ بە بۆنەی هەشتایەمین ساڵیادی کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی، شانبەشانی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و شی جینپینگ، بەشداریی لە نمایشێکی سەربازیی گەورەدا کرد.
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، کیم و شی لە هۆڵی گەورەی میللی پەکین کۆبوونەوە و لەوێ سەرۆکی چین رایگەیاند، وڵاتەکەی "گرنگییەکی زۆر بە دۆستایەتیی مێژوویی" لەگەڵ کۆریای باکوور دەدات.
 
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی شینهوا، شی بە کیمی راگەیاندووە کە پەکین "ئامادەیە بۆ پاراستن و پتەوکردن و پەرەپێدانی" پەیوەندییە دووقۆڵییەکان. شی گوتیشی: "هەرچۆنێک دۆخی نێودەوڵەتی بگۆڕێت، ئەم هەڵوێستەی ئێمە ناگۆڕێت."
 
پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ کۆریای باکوور دەگەڕێنەوە بۆ جەنگی خوێناویی نێوەڕاستی سەدەی رابردووی نیمچە دوورگەی کۆریا.
 
پەکین سەرچاوەیەکی گرنگی پشتیوانیی دیپلۆماسی، ئابووری و سیاسییە بۆ دراوسێ گۆشەگیرەکەی.
 
بەڵام پیۆنگیانگ بەم دواییانە زیاتر لە رووسیا نزیکبووەتەوە؛ هەردوو وڵات ساڵی رابردوو رێککەوتنێکی بەرگریی هاوبەشیان واژۆکرد و سەربازانی کۆریای باکوور لە جەنگی ئۆکراینادا شەڕ دەکەن.
 
ئاژانسی شینهوا بڵاویکردەوە، رۆژی پێنجشەممە، شی بە کیمی گوتووە، چین ئامادەیە "ئاستی پەیوەندییە باڵاکان و گفتوگۆی ستراتیژی لەگەڵ کۆماری دیموکراتیی میللی کۆریا بەهێزتر بکات [...] تێگەیشتنی هاوبەش و دۆستایەتی قووڵتر بکاتەوە، پەیوەندییەکان لە هەموو ئاستەکاندا پتەوتر بکات و لە بوارە جیاجیاکاندا لەگەڵیدا کار بکات."
 
ئاژانسی هەواڵی یۆنهانی کۆریای باشوور رایگەیاند، شەمەندەفەرە زرێپۆشەکەی کیم کەمێک دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە پەکینی بەجێهێشتووە.
 
کیم رۆژی سێشەممە لەگەڵ کیم جو ئای-ی کچی، گەیشتە پەکین، ئەمەش دووەم سەردانی راگەیێندراوی بوو بۆ دەرەوەی وڵات لە ماوەی شەش ساڵدا و یەکەم سەردانی بوو بۆ چین لە ساڵی 2019ـەوە.
 
بەشداریکردنی لە نمایشە سەربازییەکەدا یەکەمجار بوو کە لەگەڵ شی و پووتین لە هەمان بۆنەدا دەربکەوێت.
 
سەرەڕای ئەم نزیکبوونەوەیە، پەیوەندییەکانی پەکین و پیۆنگیانگ پەیوەندییەکی ئاڵۆزە.
 
پشتیوانیی چین بۆ کیم لەسەر بنەمای ئەو چاوەڕوانییەیە کە نەبێتە هۆی ناسەقامگیریی هەرێمی.