بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی 'رێڕۆی پێشمەرگە' لە پاریس دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
شارەوانی پاریس دەڵێت، "ئێستا پێشمەرگە شوێنی خۆی لەسەر نەخشەی پاریس هەیە"، ئەمەش پێش ئەوەی کە رۆژی هەینی، رێڕۆێک بە ناوی هێزە کوردستانییەکە لە پارکێکی پایتەختی فەرەنسا بکرێتەوە.
شارەوانییەکە شەوی پێنجشەممە لە راگەیێندراوێکدا جەختی کردەوە کە، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس "وەک رێزلێنانێک بۆ جەنگاوەرانی کورد، رێڕۆی پێشمەرگە دەکاتەوە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "پێشمەرگە کە هێزێکی شەڕکەری کوردستانی عێراقە، سیمبولی خەباتی گەلی کوردە لە پێناو مافەکانیان و خۆبەڕێوەبەرییان."
شارەوانییەکە دەشڵێت: "بۆ ماوەی چەندین ساڵ، شاری پاریس پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق هەبووە. ساڵی 2019، سەرۆکشارەوانیی پاریس سەردانی هەولێری کرد و پەیمانی دۆستایەتیی لە نێوان دوو شارەکەدا واژۆ کرد."
پاریس و هەولێر بە گوێرەی ئەو رێککەوتنە بە دەستە خوشک راگەیێنراون.
شارەوانیی پاریس دەڵێت: "پاریس شانازی دەکات کە زیاتر لە 40 ساڵە میوانداریی ئینستیتیوتی کوردی دەکات، کە ناوەندێکی بێهاوتای تایبەت بە بڵاوکردنەوەی کولتوور و زمانی کوردییە."
لە بارەی رێڕۆی پێشمەرگە، شارەوانیی پاریس دەشڵێت: "ئێستا پێشمەرگە شوێنی خۆی لەسەر نەخشەی پاریس هەیە و دەڕوانێتەوە سەر دیمەنی ناوازەی رووباری سەین."