سوێد مینی مووشەکێکی دژە درۆنی 'هەرزان' دروست دەکات بۆ پاراستنی ئەورووپا لە درۆنەکانی رووسیا
رووداو دیجیتاڵ
سوێد سەرقاڵی بەرهەمهێنانی مینی مووشەکێکی دژە درۆنە کە توانای هەیە درۆنە رووسییەکان تێکبشکێنێت کاتێک دەچنە نێو بۆشایی ئاسمانی وڵاتانی ئەورووپا. ئەم مووشەکە بە نرخێکی زۆر هەرزان بەرهەم دەهێنرێت، کە 16 هەزار جار هەرزانترە لە بەرهەمهێنانی فڕۆکەیەکی جەنگی.
کۆمپانیای نۆردیک ئایر دیفێنس (NAD)، کە کۆمپانیایەکی تایبەتە بە بواری تەکنەلۆژیا و بارەگەی سەرەکی لە ستۆکۆڵمی پایتەختی سوێدە، سەرقاڵی بەرهەمهێنانی سیستمێکی نوێی پێشکەوتووی بەرگرییە بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵاتانی ئەورووپا لە دزەپێکردنی درۆنە رووسییەکان.
ئەم سیستمە نوێیە بریتییە لە دروستکردنی مینی مووشەکێکی هەرزان کە "هێزی جووڵەیی" بەکاردەهێنێت بۆ تێکشکاندنی درۆنەکانی رووسیا کە لە چەند هەفتەی رابردوودا مۆسکۆ هەوڵیداوە بە درۆن دەستی بگەیێنێتە شوێنە هەستیارەکانی وڵاتانی ئەورووپا، وەک فڕۆکەخانە و کارگە سەربازییەکان.
مینی مووشەکی بچووککراوەی دژە درۆن، ناسراو بە "کروگەر 100"، مووشەکێکی هەستیارە کە بەهۆی هەستیارییەکەیەوە بەدوای درۆنەکاندا دەگەڕێت و دەیاندۆزێتەوە و لە کاتێکی زۆر خێرادا تێکیان دەشکێنێت. ئەمەش وادەکات بەکارهێنانی ئەم مینی مووشەکە زۆر سەلامەتتر بێت لە ناوچە مەدەنی نشینەکاندا بە بەراورد بە مووشەکە گەورەکان کە پارچەی مەترسیدار لە دوای تەقینەوەیان بەجێدەهێڵن.
کارل رۆساندەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای "NAD"، لەبارەی ئەم مینی مووشەکە نوێیەی سوێدەوە رایگەیاند: "ئەو پێشێلکارییە ئاسمانییانەی ئەم دواییە لەسەر فڕۆکەخانەکان نموونەیەکی زیندوون بۆ ئەوەی کە درۆنەکان تەنیا پێویستە تێکبشکێنرێن و هیچی دیکە، و پێویستی بە چارەسەرێکی ئاڵۆزتر نییە."
گوتیشی: "ئێمە مینی مووشەکێکی کارەبایی دروست دەکەین کە تەنیا دەجووڵێتەوە و هیچ کڵاوەیەکی جەنگی یان تەقەمەنی تێدا نییە، درۆنەکان بە خێرایی و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا تێکدەشکێنێت. ئەمەش مانای وایە هێزە سەربازییەکان دەتوانن لە ناوچە سڤیلنشینەکانیشدا بەکاری بهێنن. نامانەوێت پارچە و تەقەمەنی بەسەر فڕۆکەخانەکاندا بتەقێن، بۆیە ئەم مووشەکە بچووکانە یان مینی مووشەکانە بۆ ئەوەی چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لە دانیمارک روویدا زۆر گونجاوە. لە هەمان کاتیشدا دوور دەکەویتەوە لە بەکارهێنانی مووشەکی گرانبەها و تەقاندنەوەی پارچەکان بەسەر ژێرخانی مەدەنییدا."
هەڕەشەی درۆن بۆ سەر ئەورووپا
سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا ئێستا سەرقاڵی دۆزینەوەی رێگەیەکی بەپەلەن بۆ پاراستنی ژێرخانە هەستیارەکانیان و بەتایبەتیش فڕۆکەخانەکان. ئەمەش لەدوای زنجیرەیەک پێشێلکاریی لەلایەن درۆنە رووسییەکان لە ئاسمانەکانی دانیمارک، نەرویج، و ئەڵمانیا.
سەرەکیترین ئاڵنگاریی ئەم رێگەیە سەلامەتییە، چونکە خستنەخوارەوەی درۆنەکان بە مووشەکی بەهێز بەسەر ناوچە مەدەنییەکاندا مەترسی بۆ سەر گیانی خەڵکی سڤیل و ژێرخانی سڤیل لە پایتەختەکانی ئەورووپا دروست دەکات.
"نیگەرانییەکی گەورەی تری" دیکەی ئەورووپا، تێچووی ئەو مووشەکە دژە درۆنانەیە. درۆنە ڕووسییەکان دەکرێت تەنیا هەزار و 500 دۆلاری تێبچێت، لە کاتێکدا تاکتیکی ئێستای هاوپەیمانیی ناتۆ بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشە درۆنییانە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگییە، وەک چۆن بە سەرکەوتوویی لە پۆڵەندا ئەنجامیدا، بەڵام ئەم رێگەیە تێچوویەکی زۆری تێدەچێت.
مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا هۆشداری دا و گوتی: "ئەوە شتێکی قبوڵکراو نییە درۆنەکان کە نرخەکەی هەزار یان دوو هەزار دۆلار تێچوویانە بە مووشەکێک بخرێنە خوارەوە، رەنگە نیو ملیۆن یان ملیۆنێک دۆلار تێچووی بێت."
سوودی سەرەکی سیستمی مینی مووشەکی کروگەری سوێدی ئەوەیە کە تێچووە خەمڵێنراوەکەی تەنیا پێنج هەزار دۆلارە. ئەمەش بە بەراورد بە تێچووی فڕۆکە جەنگییەکانی وەک؛ F-15 و F-35ی ناتۆ کە مانگی رابردوو بۆ تێکشکاندنی درۆنە رووسییەکان لە پۆڵەندا بەکارهاتن.
"بەکارهێنانێکی ئاسان"
بە گوێرەی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کۆمپانیا سوێدییەکە لەبارەی ئەم جۆرە نوێیەی مووشەکەوە بڵاویکردووەتەوە، مووشەکەکە دەتوانرێت بە چەندین شێواز هەڵبدرێت؛ لە رێگەی ئامێرێکی دەستی، ئامێرێکی هاوشێوەی تفەنگ، یان سەکۆیەکی هەڵدان کە مووشەکی تێدایە، یان لە رێگەی سەکۆی سەر ئۆتۆمبێلەکانەوە.
هەروەها لە ناوچەیەکی جەنگیدا، وەک ئۆکراینا، کە درۆنەکان هەڕەشەیەکی بەردەوامن بۆ سەر هێزە زەمینییەکانی ئەو وڵاتە، ئەم جۆرە مووشەکانە سوودبەخش دەبن، چونکە سیستمەکە رێگە بە سەربازان دەدات درۆنە بۆمبڕێژکراوەکان بە ئاسانی و بە خێرایی تێکبشکێنن.
مینی مووشەکەکان تاکە سیستمی نوێی دژە درۆن نین کە لەلایەن سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپاوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت؛ ئەوان بیریان لە دروستکردنی "دیوارێکی درۆنیش" کردووەتەوە.
ئەم دیوارە لە رادار و سیستمی بەرگریی ئاسمانی پێکدێت کە بە درێژایی سنووری رۆژهەڵاتی ئەورووپا لەگەڵ رووسیا و هاوپەیمانە سەرەکییەکەی، بێلاڕووس، دادەنرێت.
رۆژی هەینی، یەکێتیی ئەورووپا یەکەم گفتوگۆی فەرمی خۆی لەسەر چۆنیەتی دروستکردنی دیواری درۆن ئەنجامدا و ئۆکراینا و 10 وڵاتی دیکەی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا بۆ ئەو کۆبوونەوەیە بانگهێشت کران.
کەموکوڕییەکانی "دیواری درۆن"
ئۆرسولا ڤۆندەرلایەن، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، هەفتەی رابردوو لە پەراوێزی لووتکەیەکی کۆپنهاگن رایگەیاند: "پێویستە بەرهەمهێنانی درۆن و تواناکانی دژە درۆنمان بەهێزتر بکەین و ئەمەش بریتییە لە دروستکردنی تۆڕێکی ئەورووپیی دژە درۆن کە توانای پاراستنی ئاسمانی کیشوەرەکەی هەبێت."
بەڵام شارەزایان پێیان وایە دروستکردنی دیواری دژە درۆن دەکرێت زۆر گران بێت و تەنیاش رێگری لە هێرشە درۆنییەکانی دەکات کە لە خاکی رووسیا یان بێلاڕووسەوە دێن.