ئیدارەی ترەمپ 2500 دۆلار دەداتە منداڵە کۆچبەرە بێسەرپەرشتەکان لە بەرامبەر جێهێشتنی وڵاتەکە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی نامەیەکی فەرمی کە دەست ئاژانسێکی هەواڵی بەریتانی کەوتووە و ئاراستەی پەناگەکانی داڵدەدانی منداڵانی کۆچبەر کراوە، ئیدارەی ترەمپ، پێشنیازێکی دارایی نوێی خستووەتەڕوو کە بریتییە لە پێدانی 2500 دۆلار بە هەر منداڵێکی کۆچبەری بێسەرپەرشت، لە بەرامبەر ئەوەی بە خواستی خۆی خاکى ئەمریکا بەجێبهێڵێت.
 
بەرپرسانی دەزگای کۆچ و گومرگی سەر بە وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا (DHS) ئەم هەواڵەیان پشتڕاست کردەوە و دانیان بەوەدا نا کە پێشنیازێکی دارایی لە ئارادایە، بەڵام خۆیان لە ئاشکراکردنی بڕی پارەکە بەدوور گرت.
 
ئەم هەنگاوە نوێترین هەوڵی ئیدارەی ترەمپە لە چوارچێوەی سیاسەتی هاندانی کۆچبەران بۆ "دیپۆرتکردنەوەی خۆویستانە". پێشتریش لە مانگی حوزەیراندا، وەزارەتی دەرەوە بڕی 250 ملیۆن دۆلاری بۆ وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی گواستبووەوە بە هەمان مەبەست، کە لەو چوارچێوەیەدا بڕی 1000 دۆلار وەکو یارمەتی پێشکەشی ئەو کۆچبەرە پێگەیشتووانە دەکرا کە رەزامەندییان لەسەر "خۆدیپۆرتکردنەوە" دەردەبڕی.
 
وردەکاریی پێشنیازەکە و مەرجەکان
 
بەگوێرەی ئەو نامەیەی کە لەلایەن نووسینگەی نیشتەجێکردنەوەی پەنابەرانەوە (ORR) بۆ پەناگەکان نێردراوە، وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی "یارمەتییەک بە بڕی 2500 دۆلار" پێشکێش بەو منداڵە کۆچبەرە بێسەرپەرشتانە دەکات کە تەمەنیان لە 14 ساڵ زیاترە.
 
بەرپرسێکی دەزگای کۆچ و گومرگ رایگەیاندووە، لە قۆناخی یەکەمدا، پێشنیازەکە بە شێوەیەکی سەرەکی ئاراستەی ئەو مێرمنداڵانە دەکرێت کە تەمەنیان 17 ساڵە. 
 
ئەم هەنگاوەی ئیدارەی ترەمپ رووبەڕووی رەخنەی تووندی رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی منداڵان بووەتەوە. وێندی یەنگ، سەرۆکی رێکخراوی "منداڵانی پێویست بە بەرگری" (Kids in Need of Defense)، کە خزمەتگوزاری و پشتیوانیی یاسایی پێشکەشی منداڵانی کۆچبەری بێسەرپەرشت دەکات، ئەم کارەی بە "تاکتیکێکی دڵڕەقانە" وەسف کرد.
 
لە بەرامبەردا، بەرپرسانی حکومەت بەرگری لەم بەرنامەیە دەکەن. ئاندرو نیکسن، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەزارەتی تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکان (HHS)، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەرنامەکە "هەڵبژاردن دەداتە منداڵانی بێسەرپەرشت و رێگەیان پێدەدات بڕیارێکی ئاگایانە و دروست لەبارەی داهاتووی خۆیانەوە بدەن."
 
نیکسن ئاماژەی بەوەش کرد، پارەکە تەنیا دوای ئەوە دەدرێت کە دادوەرێکی کۆچ رەزامەندی لەسەر داواکاریی گەڕانەوەکە بدات و منداڵەکە بە کردەیی بگەڕێتەوە بۆ وڵاتی خۆی.
 
بەپێی یاسای فیدراڵی، ئەو منداڵانەی بەبێ دایک و باوک یان سەرپەرشتیاری یاسایی دەگەنە سنوورەکانی ئەمریکا، وەکو "منداڵی بێسەرپەرشت" پۆلێن دەکرێن و دەخرێنە ژێر چاودێریی حکومەتی فیدراڵی تاوەکو لەگەڵ ئەندامێکی خێزانەکانیان یان خێزانێکی لەخۆگردا جێگیر دەکرێن. 
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، تاوەکو رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، زیاتر لە دوو هەزار و 100 منداڵی بێسەرپەرشت لەژێر چاودێریی وەزارەتەکەدا بوون.
 
بەپێی داتاکانی حکومەتی ئەمریکا، لە ساڵی 2019ـەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 600 هەزار منداڵی کۆچبەری بێسەرپەرشت لە سنووری نێوان ئەمریکا و مەکسیکەوە پەڕێنراونەتەوە.