لە جۆرجیا خۆپیشاندەران هەوڵی هەڵکوتانە سەر کۆشکی سەرۆکایەتییان دا

رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی جۆرجیا رۆژی شەممە بە ئاو و گازی فرمێسکڕێژ رووبەڕووی ئەو خۆپیشاندەرانە بووەوە کە هەوڵیاندا هەڵبکوتنە سەر کۆشکی سەرۆکایەتی لە تیبلیسیی پایتەخت. 
 
ئەم رووداوە هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لەو وڵاتەی باشووری قەوقاز، کە لەلایەن پارتە ئۆپۆزیسیۆنە سەرەکییەکانەوە بایکۆتکراوە، لەبەر ئەوەی پێیانوایە، حکومەت سەرکوتی کردوون.
 
دەیان هەزار کەس لە شاری تبلیسی گردبوونەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی سیاسەتەکانی پارتی "خەونی جۆرجی" کە کە پارتی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتەیە. 
 
خۆپێشاندەران دەڵێن، پارتەکە هەوڵدەدات جۆرجیا لە خواستە دیموکراسییەکانی دووربخاتەوە و بیخاتە نێو بازنەی کاریگەریی رووسیاوە.

 

 
رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە، لەنێویاندا پاتا بورچولادزێ، گۆرانیبێژی دێرینی ئۆپێرا، داوایان لە خۆپیشاندەران کرد "دەسەڵات بگەڕێننەوە بۆ دەستی خەڵک،" ئەمەش وەک دەربڕینی ئەو تووڕەیی و بێزارییە بەربڵاوەی کە هەیە، بەرامبەر بە حکومەتێک کە کەسایەتییە دیارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی زیندانی کردووە، هەوڵی داخستنی میدیای رەخنەگری داوە و دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ و سزای قورسی دارایی دژی خۆپیشاندەران بەکارهێناوە.
 
دواتر هەندێک لە خۆپیشاندەران هەوڵیاندا بەزۆر بچنە نێو کۆشکی سەرۆکایەتی لە ناوەندی تبلیسی و دەروازەکەیان شکاند، پێش ئەوەی لەلایەن پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی ئاژاوەوە دووربخرێنەوە.
 
خۆپیشاندانەکان کاتێک دەستیانپێکرد کە حکومەت گفتوگۆکانی تایبەت بە چوونە نێو یەکێتیی ئەورووپای راگرت، کە ئامانجێکی لەمێژینەی زۆر لە هاووڵاتییانی جۆرجیایە و لە دەستووری وڵاتەکەدا چەسپێنراوە.